هۆكاری دوورخستنەوەی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین لەلایەن ئەردۆگانەوە ئاشكرا دەبێت
ئیسماعیل مه‌تین له سه‌روبه‌ندی داگیركردنی عه‌فریندا، له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغان و میدیاكانی توركیا وه‌كو پاڵه‌وان باسی لێوه ده‌كرا، به‌ڵام ئێستە وه‌كو به‌رپرسێكی له‌كار لادراو باسی ده‌كرێت.
رۆژنامه‌ی (حوریه‌ت)ی توركی، له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا ئاشكرای كرد دوو هۆكار هه‌ن بۆ لادانی مه‌تین ته‌مه‌ل، كه به نهێنی له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌ت باسیان لێوه ده‌كرێت.
هۆكاری یه‌كه‌م له رێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی رووبه‌رووی تیرۆر بوونه‌ته‌وه، ئیسماعیل مه‌تین ته‌مه‌ل داوای كردووه ناوی دوو كه‌سایه‌تی زیاد بكه‌ن، كه یه‌كێك له‌وان ناوی باروت بووه و فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی بووه، كه ئه‌ویش شوێنه‌كه‌ی گۆردراوه و پێشتر له پۆسته‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوی ئه‌و دوو كه‌سه‌یان نه‌خستووه‌ته ناو لیستی خه‌ڵاتكردن. بۆیه مه‌تین ته‌مه‌ل بڕیاری داوه له رێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی رووبه‌رووی تیرۆر بوونه‌ته‌وه به‌شداری نه‌كات و ئه‌مه‌ش ئه‌ردۆغانی تووڕه كردووه.
هۆكاری دووه‌م كه زۆرێك له چاودێران وای بۆ ده‌چن هۆكاری سه‌ره‌كی لادانی مه‌تین بێت له‌و پۆسته، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نێوانی مه‌تین ته‌مه‌ل له‌گه‌ڵ خولووسی ئاكار وه‌زیری به‌رگریی توركیا زۆر باش نییه، هه‌روه‌ها نێوانی له‌گه‌ڵ یه‌شار گولیش زۆر باش نییه كه سوپاسالاری توركیایه، بۆیه ئه‌وان داوایان كردووه له كاره‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه و ئه‌ردۆغانیش به‌گوێی كردوون.
باسنيوز
