ئەو کەسەی عەبادی لە ماڵەکەی دەرکرد کوردێکی خەڵکی هەولێرە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، هێزێکی سەر بە دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ناوچەی سەوزی بەغدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیان لە ماڵەکەی دەرکرد و ڤێلاکەیان لێ سەندەوە. دواتریش ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ١ی ٢٠١٩ حەیدەر عەبادی دانی بەوەدا نا کە هێزێک لە پاسەوانانی عەبدولمەهدی چوونەتە سەر ماڵەکەی و ئەویش ڕێوشوێنەکانی ڕادەستکردنەوەی ماڵەکەی دەست پێ کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە میدیاکانی عێراقەوە باس دەکرێت، ئەو هێزەی سەر بە عادل عەبدولمەهدی کە عەبادییان لە ماڵەکە وەدەر ناوە، لەلایەن کەسێک بە ناوی ئازاد سەرپەرشتی دەکرێن.
ئەو ئازادە کە بەرپرسی پاسەوانەکانی عادل عەبدولمەهدییە، کوردێکی خەڵکی شاری هەولێرە و ئێستاش بەشێک لە کەسوکارەکەی لە هەولێر دەژین. ناوبراو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە شەڕی یەکەمی کەنداو (عێراق - ئێران) سەربازی سوپای عێراق بووە و لەلایەن ئێرانەوە بە دیل گیراوە و لە بەندیخانەکانی ئێران لە عەرەبە شیعەکانی عێراق نزیک بووەتەوە و دوای ئازادبوونیش، بووەتە نزیکترین و باوەڕپێکراوترین کەس لە لای عادل عەبدولمەهدی و ئێستاش سەرپەرشتی کارە ئەمنی و بەشێک لە کارەکانی دیکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
باسنيوز
