د. محەمەد بازیانی: ڕێگرییەکی زۆر لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکرێت

	 د. محەمەد بازیانی: ڕێگرییەکی زۆر لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکرێت
ھێشتا کابینەی نوێی عێراق بەتەواوەتی نەکەوتووەتە سەرپێ لە لایەن بەشێکی ھێزە عێراقییەکانەوە کێشە و ئاسەنگی بۆ دروست دەکرێت و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، عادل عەبدولمەھدی، کەسێکی شایستەیە، بەڵام ڕێگریی لێ دەکرێت کە گۆڕانکاری لە عێراقدا بکات.

دکتۆر محەمەد بازیانی، شرۆڤەکاری سیاسی ئاشکرای کرد: "یەکلانەکردنەوەی پۆستی ژمارەیەک وەزارەتی کابینەی نوێی عێراق نیشانەی ئەوەیە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق زۆر سەرکەوتوو نییە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، ئەگەر لە ماوەی دوو ساڵدا سەرکەوتوو نەبێت، دەست لەکار دەکێشێتەوە."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک کورد پێمان خۆشە کابینەی عادل عەبدولمەھدی سەرکەوێت، چونکە ڕەوشی عێراق ئاڵۆزە و کەسێکی نزیکیشە لە کورد و ھەرێمی کوردستان و یەکێک لەو سەرکردانەی عێراقە کە شایەنی ئەوەیە ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام کێشە و ئاستەنگ دەخرێتە بەردەمی و کوتلەیەکی وەک سائیرۆن دەتوانێت بە خۆپێشاندان کێشە بۆ حکوومەت دروست بکات. حەشدی شەعبیش کە گوایە خراوەتە چوارچێوەی یاساوە، کەچی مەرجەعیەت لەپشتەوە بەڕێوەی دەبات و حیسابێک بۆ حکوومەت ناکەن، ئەوە ھەمووی وا دەکات ڕێگر بێت لە گۆڕانکارییەکانی حکوومەتی نوێی عێراق."

دکتۆر محەمەد بازیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پشتگیرینەکردنی ھەندێ لایەنی عێراقی و دروستکردنی کێشە بۆ کابینەی نوێ وای کردوە ھەر لە سەرەتاوە کابینەکەی حکوومەت بە سەقەتی لەدایک ببێت، دەتوانم بڵێم ھەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی حکوومەت سەرکەوتوو نەبێت، ئەوەش دەبێتە ماڵوێرانی بۆ عێراقییەکان."
kdp-
Top