خورماتوو... چەند چەكدارێك هەڵیانكوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەكی كورد
سەرچاوەیەك لە قایمقامیەتی خورماتوو ڕایگەیاند كاتژمێر 12ی شەوی رابردوو لە گەڕەكی كۆماری خورماتوو، چەند كەسێك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێك كە دوو ئافرەتی بەتەمەن تێیدا دەژین بەناوەكانی فەتحیە محەمەد و كەلسوم حەمەجان، بڕی شەش ملیۆن دینار و ملوانكەیەكی زێڕیان لێ دزیون و پاشان هەڵاتوون.
ئەو دوو هاووڵاتییە كوردن و ئافرەتێكیان بەناوی فەتحیە محەمەد مێردەكەی و دوو كچی و كوڕێكی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون لە ساڵی 1988 و ئەو خاوەنی ماڵەكەیە و ئەو ژنەشی كە لەگەڵی دەژی، بەتەنیا ماوەتەوە و خۆی هێناویەتی بۆ ئەوەی پێكەوە لەو ماڵەدا بژین.
لە دوای خیانەتی تاقمەكەی یەكێتی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەسەركردایەتی لاهور جەنگی و پاڤڵ تاڵەبانی، دۆخی ئەمنی خورماتوو رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت و ماڵ و گیانی هاووڵاتیانی كوردیش لە مەترسی بەردەوامدایە.
باسنيوز
