لە رۆژهەڵاتى شاری سلێمانی گۆڕستانێکی گەورە دەکرێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 31/12/2018، ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوبەرى پرۆژەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "سەرۆکایەتى شارەوانی سلێمانی بە درێژایی ساڵی 2018 لە چوارچێوەی کارەکانی خۆیدا 33 پرۆژەى جۆراوجۆری بە گوژمەى 7 ملیار دینار جیبەجێ کردووە، لە ناوچە جیاجیاکانى دەسەڵاتى شارەوانى کە خۆیان لە پرۆژەى گەورە و مامناوەندى بوارى ئاووئاوەڕۆ و قیر و لێدانى بیر بۆ باخچەکان و چاکسازى لە شەقامەکان دەبینێتەوە".
ڕوونیشی کردەوە، لە ساڵى 2017 بەهۆى قەیرانى دارایى و بەگوژمەى 7 ملیار دینار 21 پرۆژە کەوتونەتە کارو لەساڵی 2018 بەردەوامە و بە گوژمەى 20 ملیار دینار و حکوومەتیش ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنى ٥5 پڕۆژە بۆ ساڵی 2019.
ئاشکراشی کرد، شارەوانى سلێمانی لەسەر بودجەى ئاسایى خۆى و بە هەماهەنگى لەگەڵ کۆمپانیاکان توانوویەتى پرۆژەى چاکسازى لەشەقامەکان ئەنجام بدات، بۆئەو مەبەستەش کارگەى قیرى شارەوانیمان 26 هەزار تەن قیرى بەرھەم ھێناوە".
جەختیشی لەوە کردەوە، کە شارەوانى سلێمانی بە هەماهەنگى کەرتى تایبەت لە بەشى رۆژهەڵاتى شارەکەدا گەورەترین گۆڕستان بنیات دەنێت کە سەرجەم پێداویستییەکانى وەک کارەبا وئاو رێگەى بۆ دیارى کراوە کارەکانى لە قۆناغى کۆتایدایە و هەوڵ دەدرێت لە بەشى رۆژئاواى شارەکەش هەمان پرۆژە لە ساڵى 2019 جێبەجێ بکرێت و هیچ گۆڕێکى ناو شار ناگوازرێتەوە بۆ گۆڕستانە نوێیەکان.
دەبارەى پرۆسەى دابەشکردنى زەوى بەرپرسەکى شارەوانى سلێمانى گوتی: "شارەوانى بەپێى یاسا و رێنماییەکان بەردەوامە لە دابەشکرنى زەوى بەسەر چین و توێژەکان لە ساڵى 2018ەشدا 122 پارچە زەوى بەسەر خانەوادەى شەهیدان و کەمئەندامان دابەشکراوە و 84 زەوى بەسەر پیشەوەران و 77 زەویش دراوەتە پیشەوەران و وەبەرهێنەران".
باسنيوز
