ساڵی ٢٠١٨ ساڵی هەستانەوەی کوردستان بوو
دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەی لە کورد کرد و هەموو ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠١٧ بوونە بارگرانی بۆ ساڵی ٢٠١٨ .
لەو بارەیەشەوە، د. ئیبراهیم شەرەفانی، مامۆستای زانکۆی دهۆک، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ساڵی ٢٠١٨، ساڵی داکۆکی و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا ــ پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ــ و بەردەوامیی ستراتیجیی هەرێم لە بواری نەوت و گاز و سەربەخۆییی ئابووری و خۆڕاگری لە بەرامبەر بڕینی بوودجەی هەرێم و ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی هەرێم بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکان و سەرکەوتن لە شەڕی دژی تیرۆر و لەناوبردنی هەوڵەکانی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێم بوو.
ئیبراهیم شەرەفانی گوتیشی: "ساڵی ٢٠١٨، ساڵی بەردەوامی و سەرکەوتنی سیاسەتی هەرێم لە بواری حەواندنەوە و پاڵپشتیی ئاوارەکان و ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆییی کوردستان بوو بە بەرنامەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستانێکی بەهێز."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "ساڵی ٢٠١٨، ساڵی پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەی هزری تیرۆر و ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە و سیاسەتی پاراستنی پێکهاتەکانی کوردستان و بەهاکانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا بوو."
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند ڕووداو و ویستگەی گرنگی ساڵێ ٢٠١٨ دیار دەکات، لەوانە:
ــ لە هەڵبژرادنەکانی ٢١ی ئایاری ٢٠١٨ـدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ هاوپەیمان و بە لیستێکی سەربەخۆ توانی ٢٥ کورسیی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنیت و ببێتە حزبی ژمارە یەک لە عێراقدا.
ــ هەر لەو هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای مووسڵ سەرەڕای نەبوونی هیچ بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی توانی ٦ کورسی لەو پارێزگایە بهێنێت."
ــ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هۆی ڕەوشی داگیرکەرییەوە لە شاری کەرکووک بەشدار نەبوو.
ــ لە ڕووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش کران و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەمی ١٠٠ کورسی، جگە لە ١١ کورسیی پێکهاتەکان، توانی ٤٥ کورسی بەدەست بهێنیت و ببێتە حزبی یەکەم لە کوردستان."
ــ ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی 2018، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرکردایەتیی پارتیدا، کە بە سەرپەرستیی سەرۆک بارزانی بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانیی بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانیی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ڕاسپارد.
ــ ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی توانی لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار کۆ ببێتەوە، کە ئەوە بە ڕیکۆردێکی مێژوویی دادەنرێت و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بە گەورەترین دەستکەوت ھەژمار دەکرێت. ئەمانە لە کاتێکدا بوو کە کەرکووک ڕادەست کرابوو، بارودۆخی دارایی خراپ بوو، نرخی نەوت تووشی داڕمان ببوو، تەواوی دەروازە سنوورییەکان داخرابوون و ھەڕەشەکانی عێراق بە ھاوکاریی دوژمنانی گەلی کورد گەیشتبوونە ئاستێکی مەترسیدار.
ــ لە یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠١٨ـدا لە کۆشکی ئیلیزێ، ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لە نێچێرڤان بارزانی کرد، کە بە یەکەم شکستی دوژمنانی گەلی کورد و یەکەم سەرکەوتنی دیپلۆماسیی ساڵ ناو بران.
ــ دواتر سەرۆکوەزیران، نیچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆ بووەوە و دەربڕینی پاڵپشتی لە لایەن پاپاوە، هیوای بۆ گەلی کورد زیاتر کرد.
ــ دوایی، سەرۆکوەزیران بە سەردانی ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، بە تەواوی مەترسییەکانی لەسەر ھەرێم دوور خستەوە.
ــ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریکردنی لە گەورەترین کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسدا توانی ژیرتر لە ھەمووان ئەو ھەلە لە سوودی گەلەکەی بەکار بھێنێت و چاوی کەوت بە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکوەزیران و پادشا و سەرۆککۆماری وڵاتانی زلھێز.
ــ دواجار سەرۆکوەزیران بەوپەڕی بەھێزییەوە، بەغدا و حکوومەتی ناوەندیی عێراقی ناچار کرد بە خەرجکردنی شایستەی داراییی ھەرێم و باشترکردنی سەرجەم سێکتەرەکان و بووژانەوەی ئابووری و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان، کە هەمووی ئەمانە تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا کران.
ــ دوای هەستانەوەی ئابووریی هەرێم و کەمبوونەوەی ڕێژەی قەیران، وەزارەتی دارایی، ڕێژەی پاشکەوتی مووچەخۆرانی کەم کردەوە و خشتەیەکی نوێی ئامادە کرد.
ــ حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی پێک هێنرا و تا ئێستا دوو وەزارەت بەر کورد کەوتووە، کە هەردووکیان پشکی پارتی دیموکراتی کورستانن.
ــ لە دوایین ڕووداودا سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان سەردانی کوردستانی کرد و چاوی بە سەرکردە سیاسییەکانی کورد کەوت.
kdp-
