لاهوور جەنگی هەوڵی تێکدانی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات
بەپێی زانیارییەکان، لاهوور جەنگی لەم ماوەیەدا لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەوڵەکانی بۆ تێکدانی پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چڕکردووەتەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە، پارتی ڕێگەنادات لاهوور جەنگی بە ناوی شاندی یەکێتییەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی شاندی نێوان پارتی و یەکێتی بکات.
لەمبارەیەوە د. چواس حەسەن، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند: "ھەرچەندە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاری یەکلاکەرەوەیان نەداوە بۆ ئەوەی بەزوویی پرسی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە دەیەوێت، ھیچ لایەنێکی سیاسی پەراوێز نەخرێ و پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم بەپێی ئیستحقاقی لایەنە سیاسییەکان پێکبھێندرێ و ھیچ لایەنێکی سیاسی لە حەجمی خۆی زیاتری پێ نەدرێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانی دەیەوێت، ئەو ئیمتیازاتانەی لە کابینەکانی پێشوو وەریگرتووە، بەردەوام بێ لەسەر وەرگرتنی ئەو ئیمتیازاتانە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتی بەردەوام دەبێ لەسەر پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگومان ئەو پرسە کەمتر پەیوەندیی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە ھەیە، چونکە یەکێتی ئامانجی ئەوەیە وەکوو ھێزێکی گەورەتر لە قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پۆستی زیاتر وەربگرێت، بەڵام ھەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێت کە حەجمی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەناو پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی قەبارەی خۆیان بەشداریی پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت بکەن".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی هەوڵەکەی لاهوور جەنگییەوە دوا و ڕای گەیاند: ”نازانم تا چەند لاھوور جەنگی ھەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دەدات، بەڵام پێویستە پارتی و یەکێتی لەڕووی پێگەی سیاسیی خۆیان و ھەرێمی کوردستان و ئەو بەرپرسیاڕێتییەی لەسەر شانیانە، ھۆشیارتر بن لەوەی ھەر کەسێک بیەوێ نێوانیان تێک بدات، چونکە ئێستا ھەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە پرۆسەی دیموکراسی و ئاسایشی نەتەوەیی بەقەرار بێت و لەڕووی ئابوورییەوە بەرەو بووژانەوە بچێت، بۆیە نابێت پارتی و یەکێتی بکەونە داوی ھیچ کەسێکەوە بۆ ئەوەی کە پەیوەندیان تێک بچێت".
باسنیوز
