سەرۆک بارزانی لە سەری ساڵدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی کورد لە سووریا دووپات دەکاتەوە

 سەرۆک بارزانی لە سەری ساڵدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی کورد لە سووریا دووپات دەکاتەوە
سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی زایینییەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکات. هاوکات نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی گەلی کورد لە سووریا دووپات دەکاتەوە.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە:

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ

باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان.

بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوربانیدان و خۆڕاگری، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستانەوە و دەنگی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی خۆیان بە هەموو جیهانیان گەیاند و، بەسەر پیلان و حەزی نەیارانیشدا سەركەوتن.

ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغێكی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستكەوتەكان و بەهێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەكان و ئەو بەها باڵایانەی كە گەلەكەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە و قوربانی داوە. لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی كوردستان لە مومارەسەیەكی دیموكراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانكاری و كوردستانێكی بەهێز دووپاتكردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حكوومەتێكی كارا و بەهێزدا جێبەجێ بكرێت.



بە درێژایی خەباتی خۆی گەلی كوردستان هەمیشە لایەنگری ڕێكاری ئاشتییانە و دیالۆگ بووە و ئێستایش ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەگرینە بەر.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیگەرانیی خۆم ڕابگەیێنم، هیوادارم پێشهاتەكانی سووریا و ئەو گۆڕانكارییانەی لەوێ لە ئارادان نەبنە هۆی ئازار و ئاوارەبوون و نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلی كورد لە سووریا. بە دڵنیاییەوە بوونی توندوتیژی و ئینكاركردن كێشەكان زۆر لەوەی ئێستا هەیە قووڵتر دەكاتەوە.

پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە بگات كە ناوچەكەمان چیتر بەرگەی ئەو هەموو كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و كەڵەگایی ناگرێت و ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش سنوورێك بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن و ئازار نەدرێن.

لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و،

ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

31ـی 12ـی 2018









باسنيوز
Top