پاڤڵ تاڵەبانی دژی زیادەڕەوییەکانی لاهوور جەنگی دەکەوێتە جووڵە
پاڤڵ تاڵەبانی درکی بەوە کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا کە یەکێتی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بووە، لاهوور جەنگی بارودۆخەکەی قۆستووەتەوە و بە نهێنی دەستی بەسەر بەشێکی بەرچاو لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا گرتووە و هەوڵی داوە کەسانی سەر بە خۆی لەو ئۆرگانانەدا دابنێت. بە ڕادەیەک کە لەم دواییانەدا لاهوور جەنگی لە ڕێگەی چەند نووسینێکی کەسانی خۆی، بیرۆکەی ئەوەی دەخستە نێو لایەنگرانی یەکێتی کە تاکە میراتگری تاڵەبانی خۆیەتی و دەبێت یەکێتی بدەنە دەستی، ئەمەش وەک زەمینەسازییەک بۆ ئەو کودەتا سپییەی کە لاهوور جەنگی خەریکبوو لەسەر بنەماڵەی تاڵەبانی بە گشتی و پاڤڵ تاڵەبانی بە تایبەتی دەیکرد.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد کە لەم دواییانەدا پاڤڵ تاڵەبانی درکی بەو هەوڵانەی لاهوور جەنگی کردووە و بڕیاری داوە بەپێی توانای ئێستای، دەسەڵاتەکانی لاهوور جەنگی کەم بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی بۆ کەناڵەکانی (کوردسات و گەلی کوردستان)ی یەکێتی ناردووە، لەمەودوا چیتر چالاکییەکان و هەواڵەکانی تایبەت بە لاهوور جەنگی بڵاو نەکەنەوە.
هەر ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە کە بەشێکی دیکە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لاهوور جەنگی، ڕێگە نەدانیەتی لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، بەو پێیەی لاهوور جەنگی هیچ پێگەیەکی فەرمی لەنێو حزبەکەیدا نییە. هەروەها گوتی: ”لە ئایندەیەکی نزیکی داهاتوودا، پاڤڵ تاڵەبانی جموجۆڵی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لاهوور جەنگی دەکات“.
هەمان سەرچاوە نەیشاردەوە کە پاڤڵ تاڵەبانی ئێستا کارێکی جددی بۆ ئەوە دەکات، ڕێگە لە کردنەوەی ئەو کەناڵە ئاسمانییە بگرێت کە لاهوور جەنگی و چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەرباری خۆی، سەرقاڵی دامەزراندنین.
پێشتر ماڵپەڕ و پێگەکانی سەر بە لاهوور جەنگی، وتارێکیان بە ناوی (جڵەوی یەکێتی بدەنە دەست لاهوور جەنگی) بڵاو کردەوە و تێیدا دوو بژاردەیان خستە بەردەم لایەنگرانی یەکێتی کە یان لە ماڵەوە دابنیشن، یانیش حزبەکە بدەنە دەست لاهوور جەنگی. ھاوکات کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تەواوی سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیشیان جگە لە لاھوور جەنگی، بە لاواز و بێتوانا بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکێتی وەسف کرد.
باسنيوز
