ساڵی 2018 لە سنوورەکانی کوردستان 231 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

 ساڵی 2018 لە سنوورەکانی کوردستان 231 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی
ساڵی ٢٠١٨دا دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران کوژراون، یان بریندار بوون و ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٦٪ زیادی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا، لانیکەم ٢٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧١ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ١٦٠ کەسیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە ٢٠١٦ کۆڵبەر ببون بە قوربانی ٦.٥٪ بەرز بووەتەوە.

زیاتر لە ٦٧٪ی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو ٢٣١ کۆڵبەرەی کەلە ساڵی ٢٠١٨دا بوونەتە قوربانی، ١٥٦ کەسیان کە دەکاتە ٦٧.٥٪ ی کۆی حاڵەتەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. ٤٢ کەسیان (١٨٪) بەهۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو (سەرما، هەرەسی بەفر، بەربوونەوە لە شاخ و ...) کوژراون و یان بریندار بوون.

هەروەها، ١٩ کۆڵبەر (٨.٢٪) بەهۆی تەقینەوەی مین و ١٤ کۆڵبەر (٦.٣٪) بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لەکاتی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، یان بریندار بوون.


جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی قوربانی بەپێی پارێزگا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین کۆڵبەر لە سنووری پارێزگای ورمێ بوون بە قوربانی. لە ساڵی ٢٠١٨ دا کوژران و برینداربوونی ١٥٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە ٤٠ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای سنە لە کۆی ئەو ٦٢ کۆڵبەرەی کە بوونەتە قوربانی، ١٧ کەسیان کوژراون و لە پارێزگای کرماشانیش لەکۆی ئەو ١٥ کۆڵبەرەی بوونەتە قوربانی، ٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

کۆڵبەرێکی خەڵکی باشووری کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٨دا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە.

کوژران و بریندار بوونی ٣ منداڵی کۆڵبەر

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا بوونەتە قوربانی سێ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە کەسێکیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە.

دەرکردنی حوکمی بەندکران و پێبژاردنی پارە بۆ ١٧ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا ١٧ کۆڵبەری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی١٠ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بڕی ١٣٠ میلیۆن تمەنیان بەسەردا سەپاوە.

دەستگیرکردنی ٥٠ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە٥٠ کۆڵبەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٣٩ کەسیان ئاشکرا بووە .










باسنيوز
Top