پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی: خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر مایەی لێخۆشبوون نییە

 پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی: خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر مایەی لێخۆشبوون نییە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و ٢ مانگ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری لاهوور جەنگی و گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو خیانەتە مایەی لێخۆشبوون نییە و هەرگیز چاوپۆشی لێ ناکرێت.

فازل بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕايگەیاند: "ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تاوان و خیانەتێکی گەورە بووە و ھیچ تاوانێک بەو شکڵە بە تێپەڕیو ناژمێردرێت، بێگومان ھەر ڕووداوێکی باش و خراپ ئەگەر کەسێکی دیاریکراو، یان کۆمەڵێک کەسایەتی ئەنجامی بدەن، ھەرگیز کاڵ نابێتەوە و دەچێتە لاپەڕی مێژووەوە، بۆیە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسڕێتەوە و بە ڕابردوو ھەژمار ناکرێ و لە مێژوودا ڕەگی داکوتاوە“.

ڕوونیشی کردەوە، ھەر کەسێک تاوانێکی دیاریکراو ئەنجام بدات، پێش ھەموو شتێک لایەنی بەرپرسی خۆی لە تاوانەکە بەرپرسیارە، چونکە ئەگەر لایەنی بەرپرسی خۆی بەرامبەر تاوانەکە ھەڵوێستی نەبوو، ئەوکاتە دەبێ میللەت بەرامبەر تاوانەکە ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە تاوانەکە بەرامبەر میللەت کراوە و خەڵکی بەھۆی ئەو کارەساتەوە زەرەرمەند بووە. ”١٦ی ئۆکتۆبەریش ڕەنجی ھەزارەھا پێشمەرگە بەهۆیەوە بەخەسار چووە“.

ئەو ئەندامەی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردەوە، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووداوێکی ئاسایی نییە تاوەکوو قابیلی چاوپۆشی و لێخۆش بوون بێت.

ئاماژەی بەوەش دا: "پێویستە مامەڵەی تاوان لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە ڕووداوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام داوە، بێگومان ئەگەر ئەو ڕووداوە لە وڵاتێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرایە، ڕاستەوخۆ تاوانبارانی ڕاپێچی دادگا دەکران و سزا دەدران".

لە ماوەی ڕابردوودا بە تەواوی هەموو وردەکارییەکانی ئاشکرا کردووە، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن لاهوور جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانییەوە پلانەکەی ئامادە کراوە و گفتوگۆ نهێنییەکانیش لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکانی بەشدار لەو خیانەتە، لەلایەن لاهوور جەنگییەوە کراوە، گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پشتیوانییان لە خیانەتەکە کردووە.

رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک کەوتە دەست هێزەکانی عێراق، دواتر کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و چەندان سەرکردەی دیکەی یەکێتی ڕایانگەیاند کە گرووپێکی نێوخۆی یەکێتی خیانەتیان ئەنجام داوە و بە نهێنی ڕێککەوتوون. هەر لە سەروبەندی خیانەتەکەدا، لاهوور جەنگی لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە عەبایەکی بەبەردا کرا کە دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناوی (عەبای خیانەت)ی لێنرا و براکانی لاهوور جەنگی و ژمارەیەکی زۆر لە تاڵەبانییەکان و گرووپەکەیان لەنێو یەکێتی، پشتیوانییان لە خیانەتەکە کرد و بیانووی جۆراوجۆریان بۆ هێنایەوە.











باسنيوز
Top