كەركووك.. 200 بەرپرسی ئیداری و ئەمنیی کورد لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی كەركووك كە كوردێك بوو لە پۆستەكەی لابرا، ئێستاش لە نوێترین بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای تەندروستیی كەركووك، لە كۆی 34 بنكەی تەندروستی لە كەركووك، تەنیا سێ بەڕێوەبەری ئەو بنكانەی هێشتوەتەوە بەدەست كوردەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای تەندروستیی كەركووك، زۆرینەی بەرپرسانی بەشەكانی ناو نەخۆشخانەی گشتی ئازادی و كۆماری شاری كەركووك كە دوو گەورەترین نەخۆشخانەی حكوومی شاری كەركووكن لە پۆستەكانیان لاداوە و كەسانی عەرەب و توركمانی شیعە لە شوێنەكانیان دانراون.
لە چەند رۆژی ڕابردوشدا و بە هەوڵی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، (ناسیح شوانی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی كەركووك لە پۆستەكەی لابرا و كەسێكی عەرەب لە شوێنەكەی دانرا.
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە جگە لەوەی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە نالەبارە، پرۆسەیەكی چڕی بە عەرەبكردنەوە دەستی پێكردووە و لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا، 200 بەرپرسی ئیداری و ئەمنیی كورد لە پۆستەكانیان لە كەركووك دوور خراونەتەوە و كەسیانی عەرەب و توركمانی شیعە لە شوێنەكانیان دانراون.
باسنيوز
