مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: گەورەییە لە چاوی دیکتاتۆرێکەوە بە تیرۆریست دابنرێیت
پ.ی.د کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، لەبارەی ناوزەدکردنی مەسرور بارزانی بە پاڵپشتیی تیرۆر لەلایەن ڕژێمی سووریا و میدیاکانی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ڕاگەیاند: ئەو لیستەی ڕژێمی دیکتاتۆری سووریا دەری کردووە، وەک بڕیارێکی فاشیل و لەرزۆک و بێمانەیە، چونکە کەسێک بڕیارێکی لەوشێوەیە دەردەکات کە خۆی دیکتاتۆر و کۆمەڵکوژ و خوێنمژ نەبێت، بەڵام ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەوپەڕی خوێنمژ و دیکتاتۆر و کۆمەڵکوژە".
نموونەشی بەوە هێنایەوە کە خودی خۆی ”ئەگەر دزێک پێم بڵێ پیاوی چاکی، دەڵێم نەخێر وانییە و زۆر زۆر خراپم“. جەختیشی کردەوە: ”ھەمیشە کەسایەتییە دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و توندڕەو و فاشیستەکان، خەڵکی باش و نیشتمانپەروەر بە خراپ لە قەڵەم دەدەن".
ئەو پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "مەسرور بارزانی ھەوڵی ئەوەی داوە کوردەکانی خۆرئاوای کوردستان، بەرامبەر ڕێکخراوی داعش و دەوڵەتی بەشار ئەسەد بوەستنەوە، ئایا ئەوە دەبێتە تیرۆریست؟ دواجار کەسێکی تیرۆریست و کۆمەڵکوژ و خوێنمژ بە مرۆڤێکی لەو جۆرە بڵێت تیرۆریست، گەورەییە، چونکە کەسی کۆمەڵکوژ بە ھیچ مرۆڤێک ناڵێت مرۆڤێکی باش و سەنگین".
ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا سووریا خەریکە دەچێتەوە سەر سکەی خۆی، لەنێو کورددا ململانێیەک ھەیە، ئەو ململانێیە وادەکات ھەلێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەیارەکانی کورد زیانمان پێ بگەیەنن.
جەختیشیکردەوە: "دواجار ئەو فاشیستانە مێژوویەکیان ھەیە لە لێکترازان و دووبەرەکی، ئێستاش ئەوان باش دەزانن کوردستان بەرەو سەقامگیری ھەنگاو دەنێت و کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێندرێ، ئەوان دەیانەوێ دۆخەکە ئاڵۆز بکەن".
بەپێویستیشی زانی، کورد وریا بێت و ئەو پرسانە گەورە نەکات، چونکە ”کەسێکی فاشیستی خوێنمژ هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت کە مرۆڤێکی دڵسۆر بە خراپ لەقەڵەم بدات".
ڕۆژی شەممە ٢٩ی ١٢ی ٢٠١٨، ڕاپۆرتێکی (دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و کۆمەککردنی دارایی تیرۆر) کە دەستەیەکی سەر بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە، لە میدیاکان بڵاو کرایەوە کە لە ناوخۆی کوردستانیش میدیاکانی سەر بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو میدیایانەشی کە لە کاتی خیانەتەکەدا کامێراکانیان لەگەڵ تانکەکانی حەشدی شەعبی بەرەو ھەولێر دەھات، بە بایەخێکی زۆرەوە ھەواڵەکەیان بڵاو کردەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە مەسرور بارزانی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
لە بەرامبەریشدا ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ٣٠ی ١٢ی ٢٠١٨، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ”مایەی گاڵتەجارییە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاکو وەکوو بەدیلێکی باشتر لە توندڕۆکان خۆی بنوێنێت، باسی تیرۆر بکات“. جەختیش کرایەوە کە ”ئەوەی زیاتر مایەی پێکەنینە، ھەندێ ھەرزەکاری سیاسی و گەندەڵکار و خائین بەو ھەواڵە شاگەشکە دەبن و دەھۆڵی بۆ لێدەدەن“.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوەکەی تیشکی خستە سەر هۆکاری تووڕەبوونی ڕژێمی سووریا لە مەسرور بارزانی و ئاشکرای کرد: ”ئەوەی کە رژێمی سووریای ھەراسان و توڕە کردووە، پاڵپشتیی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بووە لە ھێزە رەسەنەکانی رۆژئاوای کوردستان“.
باسنیوز
