فرسەت سۆفی: پاش سەری ساڵ بەرھەمی دانوستانەكان دەچنینەوە
بە ھۆی بەدەستھێنانی ژمارەیەكی بەرچاوی كورسییەوە، پارتی مافی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی ھەیە و تا ئێستایش چەند جارێك شاندی باڵای پارتی بۆ مەبەستی گەییشتن بە رێككەوتن، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بووەتەوە.
دكتۆر فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پاش كۆتاییھاتنی پشووی سەری ساڵ، ئەمجارە جییدیتر دەست بە دانوستان دەكەینەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕاندا بۆ پێك ھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و كۆی پرسەكان".
لەبارەی دانوستانەكانەوە، ئەندامەكەی شاندی باڵای پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە گەشبینین دەگەین بە رێككەوتن و لە دوای سەری ساڵ بەرھەمی دانوستانەكانمان دەچنینەوە، بەڵام ناتوانین وادەی پێكھێنانی كابینەی حكوومەت دیاری بكەین".
پەیوەست بەو دەنگویانەی باس لە گرێكوێرەی رێككەوتنەكە دەكەن كە پرسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بووەتە بەربەست، دكتۆر فرسەت سۆفی ئاشكرای كرد: "بە ھیچ شێوەیەك پرسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان نەبووەتە ئاستەنگ و لەو ڕووەوە لێكتێگەیشتن لە نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا ھەیە".
kdp -
