گۆڕان: بەشداریکردن و نەکردنمان لە حکوومەت پەیوەست نییە بە یەکێتییەوە
هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەولێر ڕايگەیاند: "پێش ماوەیەک یەکێتی بەیاننامەیەکی دەرکردبوو تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو، پێیان باشە یەکێتی و پارتی و گۆڕان پێکەوە ڕێکبکەون بۆ کابینەی نوێی حکوومەت، بەڵام لە پاڵ ئەمەش دا هەرچی پۆست هەیە بۆ خۆی داوای دەکات، وەک ئەوەی گۆڕان میوان بێت، تا ئێستا یەکێتی نێتی پاک نییە".
گوتیشی: "تا ئێستا هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان لە ناو دامودەزگا حکوومییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەدا لەلایەن یەکێتییەوە سزا دەدرێن، هەر بۆیە ئێمە بەرچاومان ڕوون نییە و متمانەشیان پێ ناکەین، کاتێک یەکێتی دەیەوێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ دەبێت زەمینە سازی کردبێت".
لەئەگەری بەشدارینەکردنی یەکێتی دا ئایا گۆڕان دەتوانێت لەگەل پارتی حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنیت و جێگرەوەیەکی باش بێت؟ لەبارەی ئەو پرسیارەوە ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت: "بەشداریکردن و نەکردنی ئێمە لە حکوومەتدا پەیوەست نییە بە یەکێتییەوە، واتە ئەگەر بمانەوێت بەشداری بکەین یان بەشداری نەکەین لە بەر خاتری یەکێتیی نییە، بڕیاری جڤاتی نیشتمانی پەیوەست نییە بە هاتن و نەهاتنی یەکێتییەوە، هەروەها ئەگەر بەرچاومان ڕوون بێت لە بەرنامەی کاری ئەم حکوومەتەدا و لە داهاتوو بتوانین ئەو پرۆژە و بەڵێنانەی لە هەڵبژاردن بە خەڵکمان داوە بیخەینە ناو بەرنامەی کاری حکوومەتەوە هیچ چاوەڕوانی یەکێتی ناکەین“.
باسنيوز
