گۆڕان: پێویستە پاڕتی لە پێکھێنانی حکوومەت پەلە بکا و چاوەڕێی یەکێتی نەکات

 گۆڕان: پێویستە پاڕتی لە پێکھێنانی حکوومەت پەلە بکا و چاوەڕێی یەکێتی نەکات
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، پەلە بکات و چاوەڕوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەکات.

نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "یەکێتی بەھۆی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی عێراقەوە، دەیەوێ پرسی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوابخات، باڵام پارتی براوەی ھەڵبژاردنەکانە، بێگومان پارتی حکوومەت پێکدەھێنێت، بۆیە پیویستە پارتی پەلە بکات و چاوەڕێی یەکێتی نەکات و حکوومەت پێکبھێنێت”.

ڕوونیشی کردەوە، یەکێتی یەکێتی کێشەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی ھەیە و هەروەها دەیەوێت کێشەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ پارتی دیموکارتی کوردستان چارەسەر بکات. گوتیشی: “ڕاستە یەکێتی بەردەوام کێشەی ناوخۆی ھەیە و کێشەشی دەبێت، بۆیە نازانم تاچەند کێشەکانی ناو یەکێتی ھۆکارە بۆ دواخستنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا پۆستەکانی حکومەت ئەوەندە زۆرن، بەشی زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی دەکات”.

سەرکردەکەی گۆڕان ئاشکرای کرد کە یەکێتی داوای ئەوەی کردووە، لەهەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستاندا پشکی هەبێت، لە کاتێکدا گۆڕانیش داوای کردووە، بەڵام “حزبەکان لەکاتی دانوستانەکاندا داواکارییەکی زۆر دەکەن، بۆ ئەوەی کاتێک پۆستەکان دابەش دەکرێن، بە کەمیش ڕازی بن، یان ئەو پۆستە وەربگرن کە خۆیان دەیانەوێت”.

بە گوتەی نزار مەحموود، گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، “بە جددی خزمەتی خەڵکی کوردستان” دەکات، گوتیشی: “ئێمە بەپێی ئیستیحقاقی خۆمان داوای پۆست دەکەین و داوای شتی زیاتر ناکەین، بەڵام ئەگەر لە ھەقی خۆمان کەمترمان پێ بدەن، ئەوا بەشداری لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ناکەین”.












باسنيوز
Top