بۆچی لەم کاتەدا لە ئاستی هەرێمی هەوڵی لەکەدارکردنی مەسرور بارزانی دەدرێت؟
لە چەند مانگی داهاتوودا، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە دەستنیشانکراوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر لە نێو گۆڕانکارییەکان لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا دەگێڕێت و لە ئاستی هەرێمیش ئەو ڕۆڵگێڕانەی زانراوە، بۆیە لە ئێستاوە هەوڵی لەکەدارکردنی دەدرێت
لە چەند مانگی داهاتوودا، ناوچەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و لە ئێستاشەوە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەبینرێت، بۆیە ڕۆڵی مەسرور بارزانی لەو بارودۆخە تازەیەی لە ناوچەکە دێتە ئاراوە، زیاتر و کاریگەرتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ١٢ی ٢٠١٨، ڕاپۆرتێکی (دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی پارە و کۆمەککردنی دارایی تیرۆر) لە میدیاکان بڵاو کرایەوە کە لە ناوخۆی کوردستانیش میدیاکانی سەر بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو میدیایانەشی کە لە کاتی خیانەتەکەدا کامێراکانیان لەگەڵ تانکەکانی حەشدی شەعبی بەرەو هەولێر دەهات، بە بایەخێکی زۆرەوە هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە مەسرور بارزانی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
هەر لەمبارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕايگەیاند کە لە دیدار و بۆنە فەرمییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام مەسرور بارزانی بەرگری لە مافی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان (کوردانی دەوڵەتی سووریا) کردووە و نموونەشی بەوە هێنایەوە کە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، لە وەڵامی پەرلەمانتارێکی ئەورووپی کە ڕای گەیاندبوو سەردانی سووریا دەکات و پەیامی مەسرور بارزانی بۆ بەشار ئەسەد چییە؟ مەسرور بارزانی بە ڕاشکاوانە بەرگری لە مافی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ئاژگەیی جەختی کردەوە کە بەشێک لەو هەوڵەی لەکەدارکردنی مەسرور بارزانی لەلایەنی هەرێمییەوە بۆ بەرگریکردنی بەردەوامی مەسرور بارزانی لە مافەکانی کورد دەگەڕێتەوە.
باسنيوز
