ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان: ئهو لایهنانهى بهشدارى حكوومهتى داهاتوو دهكهن بهشدارن نهك شهریك
بەرھەم مستەفا، ھەڵسوڕاوی دیاری نێو بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند: "ھەموو ھێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان کاتێک باسی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەھۆکاری ئەوەی کە ئەم حکوومەتە ئاستەنگەکانی بهردهم کارکردنی کەمترە، بۆیه کابینەیەکی سەرکەووتوو دەبێت".
ڕوونی كردهوه، كه ئێستا شەڕی داعش نەماوە و قەیرانی دارایی بچووك بووەتەوە، ھەروەھا نرخی نەوت جێگیر بووەتەوە و پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و ئیجابییە، بۆیه: "ئەو هۆكارانه، ئاماژەیەکی گرنگن بۆ ئەوەی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەراورد بە کابینەکانی پێشوو، کابینەیەکی بەھێز و سەرکەووتوبێت".
ئاماژهى بهوهش دا، كه پرسی کورد و پێگەی کورد لهعێراق و ناوچهكه كاریگهرییان ئهبێت، چونکە ئێستا ناوچەکە بەدۆخێکی ھەستیاردا تێدەتەڕێت، : "وڵاتانی ئیقلیمی جموجوڵی دژ بە کوردیان ھەیە، ھەروەھا ڕووی ڕاستەقینەی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد ئاشکرابووە، بۆیە ئەگەر ئێمە ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزین و توندوتوڵى بكهین، پێموایە ئەم حکوومەتە ھەنگاوی باش دەبڕێت، بەجۆرێک دەتوانێ کاری باش بۆ خەڵکی بکات".
ئهو ههڵسووڕاوهى گۆڕان، گوتیشی:" لە ھەموو دامەزراوەیەکی حکوومیدا، نوێ بوونەوە زۆر گرنگە، چونکە لە زۆربەی وڵاتە دیموکراسیەکاندا کەسێک تەنھا بۆ دوو خول لە پۆستێکدا دەمێنێتەوە، بەڵام پێشتر بۆماوەی 17 ساڵ نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستەی بەڕێوە بردووە، ههرچهنده پێدهچێت بە ھۆکاری ئەوەی ئەم حکوومەتە تیمێکی نوێ بەڕێوەی دەبات، ڕەنگە بتوانێ جۆرێک لە نوێ بوونەوە لە ئەرکەکانیدا بکات، بۆیە خەڵکی کوردستان بە فەرمانبەر و ڕۆشنبیر و نوخبە سیاسیەکانەوە چاویان لەسەر ئەوەیه، ئەم کابینەیە ژیانیان خەڵکی ئاسایی بکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا:" گەندەڵی و ڕۆتینات یەکێکە لەو نەخۆشییانهى كه كۆى جومگەکانی گرتوەتەوە، بۆیه ھەر کەسێک ھەنگاو بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی قێزەونی گەندەڵی بنێت، دەبێ دەستخۆشی لێ بکرێت، بهپێویستیشی دهزانم سهرۆكى داهاتووى حكوومهتى ههرێمی كوردستان، بەگژ گەندەڵیدا بچێتەوە و بنهبڕی بكات".
دەربارەی ئەوەی ئایا یەکێتی دەتوانێ بەربەست بۆ کابینەکەی مەسرور بارزانی درووستبکات، بەرھەم مستەفا، گوتى:" ئەو ھێزانەی بەشداری کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، بەشدار دهبن، نهك هاوبهش، چونكه هاوبهش و شهریكایهتی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پەنجا بە پەنجا، بەڵام یەکێتی سەنگ و قورسای و پێگەی جەماوەری دیارە، بۆیە ھەرھێزێکی سیاسی دەچێتە ناو ئەم حکوومەتەوە دەبێ باش ئەو ڕاستیە بزانێ کە بەشدارن لەم حکوومەتدا و شەریک نین، ھەر ھێزێکیش کێشە بۆ ئەم حکوومەتە درووست بکات، پێش ئەوەی زیان بەھاووڵاتیانی کوردستان بگەیەنێت، زیان بە ناوبانگی حزبەکەی خۆی دەگەیەنێت، دواجار باشتر وایە واز لەو ئەقڵێەتە بھێنێن و باوەڕمان بە بنەماکانی دیموکراسی ھەبێت".
باسنيوز
