مەسیحییەکان: کوردستان پەناگەی ئارامی ئێمەیە

	 مەسیحییەکان: کوردستان پەناگەی ئارامی ئێمەیە
- کەسایەتییەکی مەسیحی دەڵێت، کوردستان نەک تەنیا بۆ مەسیحییەکان، بگرە بۆ تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بووەتە پەناگەیەکی ئارام.

ئێستا مەسیحییەکان لە چەندین ناوچەی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازیی لێ کردوون و وەک ئەوان دەڵێن، تاکە شوێنی ئارام لە ناوچەکەدا هەرێمی کوردستانە.

هەیسەم پترس، کەسایەتیی دیاری مەسیحییەکان لە پارێزگای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "مەسیحییەکان لە عێراقدا تووشی چەوسانەوە بوون، حکوومەتی عێراق نەک تەنیا خۆی لێ نەکردوون بە خاوەن، بگرە دژایەتیشی کردوون و هەمووشیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون."

دەشڵێ: "ئەوەی لەم ناخۆشییەدا خۆی لە مەسیحییەکان کردە خاوەن، تەنیا سەرۆک بارزانی بوو، هەمیشە پاڵپشتی مەسیحییەکان بوو، هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشکێشی مەسیحییەکان کرد، هەموو دەرگایەکی بۆ مەسیحییەکان کردەوە و نەیهێشت مەسیحییەکان هەست بە ناخۆشی و ئازار بکەن."

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی حەزرەتی مەسیحەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییە كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیان و تەباییی هەموو ئایین و نەتەوە و پێكهاتەكانە و، پشت بە خوای مەزن و بە هیممەتی هەموو لایەك دەبێ ئەو پێكەوەژیان و برایەتییە قووڵتر ببێتەوە."

ئەم کەسایەتییە مەسیحییەش پێی وایە، کوردستان بووەتە نموونەی سەردەم لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەموو وڵاتانی مەسیحی لە دنیادا گرنگیی پێ دەدەن، بەتایبەت ڤاتیکان و هاتنی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش بەڵگەیەکی بەهێزە.

سەرۆک بارزانی نەک تەنیا بۆ مەسیحییەکان، بگرە بۆ هەموو ئایینیەکانی تریش پاڵپشت و پشتیوان بووە و ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان جێگای هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە.

مەسیحی و ئیزدی و شەبەک لەسەر دەستی داعش زۆڵمێکی زۆریان دیت و هەموویان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستاش کوردستان بەجێگای هێمنی خۆیان دەزانن.
kdp-
Top