کاروان ساڵح: ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە گەورانە كارێكی وا ئاسان نەبووە
پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە و هەمان دروشمی پێشوویان هەیە كە پێویستە كوردستان بەهێز بێت. پارتی دەیەوێ حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان حكوومەتێكی هاوپەیمانی بێت، ئەو حزبانەی حكوومەت پێك دەهێنن لە پەرلەمانیش هاوپەیمان بن و پشتگیریی حكوومەت بكەن. هەمووانیش پێكەوە لە پشت سەرۆكایەتییەكی بەهێزی هەرێمی كوردستانەوە بن. پارتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت زیاتر دەكات و چاوەڕێ دەكرێ دروستكردنی كابینەی نۆیەم زۆر نەخایەنێت.
كاروان ساڵح، هەڵسووڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەو حكوومەتەی ئەمجارە لە هەرێم دروست دەبێت لە حكوومەتەكانی دیكە جیا دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی پارتی لە ناو ئەو حكوومەتە دەبن، زۆرینەی پارتی لە ناو پەرلەمانە، لەگەڵ هاوپەیمانە نزیكەكانی خۆی دەتوانێت زۆر شت بكەن، بۆ نموونە دەستوور، كە زیاتر لە 10 ساڵە دەستوور سەقەت كراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان و لیژنەی تایبەتی بۆ دانراوە، بەڵام دەستوورەكە هەر تێنەپەڕێنرا لەبەر هۆكاری ململانێی حزبی لە ناو پەرلەمان و لەبەر بەرژەوەندیی حزبی، كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا پەرلەمان بە زۆر ئاقاری جیا جیادا ڕۆیشت، ئێستا پارتی پرۆژەیەكی بەهێز و توكمەی هەیە، دەبێ پارتی بیسەڵمێنێت بۆ هەموو لایەك كە زۆرینەی هێناوە، بە قەت زۆرینە پرۆژە و بەرنامەی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان زیاتر دابین بكات، ئەو پرۆژانەی وەكو دەستوور كە باسمان كرد یەكێكە لەو پرۆژانەی كە بەخێرایی لە پەرلەمان بەڕێ دەكرێت و كوردستان دەبێتە خاوەن دەستووری خۆی، هەر هیچ نەبێت لەو قۆناغەی كە پارتی باڵادەستە لەسەر ڕەوشەكە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و دەتوانێت بە لای كەمەوە ئەو چاكسازییانەی كە پێشتر ڕێگرییان لێ دەكرا، جێبەجێیان بکات، دەتوانێت پرۆژەی چاكسازی بخاتە بواری گفتوگۆ و جێبەجێكردنەوە و هەوڵی ئەوە بدرێت پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، پێشم وایە ئەو حكوومەتە خەڵك زیاتر چاوی لێیە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو حكوومەتە بەهێزتر بێت لە حكوومەتەكانی ڕابردوو."
گوتیشی: "لە چوار ساڵی داهاتوودا گۆڕانكاریی زۆر گەورە ڕوو دەدات ژیانی خەڵك زۆر خۆشتر دەبێت و كۆتایی بە قەیرانەكان دێت، كاندیدەكانی پارتی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكوومەت ئەوەندە بەهێزن، سەیتەرە لەسەر هەموو شتەكان دەكەن، ئەو قەیران و پاشماوەی چەندین ساڵەی ڕابردوو و شەڕی تیرۆریستان و ململانێیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەوانە دەسڕنەوە و ئاسۆیەكی ڕوونتر لە پێشە و ژیان و گوزەرانێكی تازە پڕ لە خزمەتگوزاری و سەرفرازی بۆ گەلەكەمان دابین دەكەن"
kdp-
