دەنگۆی دەستگیرکردنی باندی دزینی نەوتی کەرکووک، تەنیا بۆ ڕاگەیاندنە
ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردووەتەوە، جارێکی دیکە لە شاری کەرکووک ژمارەیەک کەس دەستگیر کراون، کە بۆڕیی نەوتی کەرکووکیان کون کردبوو و لە ڕێگەی سۆندەیەکی دوو ئینجییەوە نەوتیان دەدزی، ئەمەش جاری یەکەم نییە و چەندین جارە بۆڕیی نەوتی کەرکووک کون دەکرێت و نەوتی لێ دەدزرێت و ھێزەکانی پۆلیسیش بەردەوام باسی دەستگیرکردنی باندی دزینی نەوت دەکەن، بەڵام تا ئێستا ھیچ کەسێک ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە.
سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەحمەد عەسکەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری ئەو ھەموو دزینەی نەوتی کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێزەکان ناتوانن پارێزگاری لە بۆڕیی نەوت بکەن و ڕێگەش بە ھیچ ھێزێک نادەن بیپارێزێت، بۆیە دزینی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بووەتە دیاردە."
ئەحمەد عەسکەری گوتیشی: "ئەم کارە بە کەسانی ئاسایی ناکرێت و باندی گەورەی لەپشتەوە ھەیە، چونکە کونکردنی بۆڕی، پێویستی بە تیم ھەیە و شارەزاییی باشی دەوێت و دەبێ کەسانێکی باڵادەستیشی لەپشتەوە بێت و توانای باشیان ھەبێت."
عەسکەری ڕوونیشی کردەوە: "ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام لە ڕاگەیاندندا باس لە دەستگیرکردنی باندی دزینی نەوت دەکەن و تاوەکو ئێستاش یەک کەس دادگایی نەکراوە و لێپێچینەوە لەگەڵ کەس نەکراوە، بۆیە دزیکردن زۆر بووە و ھەرکەسە و بە ئارەزووی خۆی دزی دەکات."
kdp-
