پۆلیسی ھەولێر: دایکێک بە بێویژدانی لە کچەکەی داوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/12/2018، ڕائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) گرتە ڤیدیۆیەکی خۆی و کچێکی بچووکی بڵاو کردەوە، وەک لە ڤیدیۆکەشدا دیارە، کچەکە ئاسەواری لێدان بەسەر ڕوخساریەوە دیارە، ھەروەھا لە ڤیدیۆکەشدا ڕائید ھۆگر باس لەوە دەکات: "دایکێک تەنیا لەبەر ئەوەی کچەکەی وانەی نەنووسیوەتەوە، بە بێویژدانی لە کچەکەی داوە".
ڕوونیشی کردووەتەوە: "ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر و لەژێر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، ئیجرائاتی یاسایی توند لەگەڵ ئەو ئافرەتە دەکەین، چونکە بەڕاستی ئەوە ویژدان نییە منداڵێک بەو شێوەیە بێتە قوتابخانە".
گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ھەر لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "ھیوادارم دایک و باوکان بەم شێوەیە ئازاری منداڵەکانیان نەدەن، ئەگەر بەم شێوەیە ئازاریان بدەن، ئێمە وەک پۆلیسی ھەولێر لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان هەماهەنگييەكى تەواومان کردووە، بۆ ئەوەی ئیجرائات لەگەڵ ھەر دایک و باوکێک بکەین، کە بەو شێوەیە ئازاری منداڵەکانیان دەدەن، ئێستاش داوای یاسایی لەسەر ئەو دایک و باوکە تۆمار دەکەین".
باسنيوز
