قوباد تاڵەبانی بە فەرمانی حزبەکەی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی بەرپرسانی گۆڕان دەرناکات

 قوباد تاڵەبانی بە فەرمانی حزبەکەی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی بەرپرسانی گۆڕان دەرناکات
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەسەر فەرمانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیاری دەست بەکاربوونی بەرپرسانی گۆڕان لە یەکە ئیدارییەکانی سنووری سلێمانی دەرناکات.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئێمە لە کاتی خۆیدا پۆستی پارێزگاری ھەڵەبجە و قایمقامی سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگامان ڕادەستی یەکێتی کرد، بەڵام ئێستا کە پۆستی جێگری پارێزگای ھەڵەبجە، قایمقامی ھەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین، جێگری بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و چەند بەڕێوەبەری شارەدێیەکمان وەرگرتووە، ھێشتا فەرمانی دەست بەکاربوونیان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دەرنەکراوە کە دەبێ قوباد تاڵەبانی فەرمانەکەیان بۆ دەربکات“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە خودی قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی، لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە پێی گوتراوە، فەرمانەکە دەرنەکات. دەشڵێت: ”لەمبارەیەوە لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆمان کرد، بەڵام ئەوان بە سیناریۆی جیاواز و بەڵێنی ئەمڕۆ نا سبەی، ئەم بابەتەیان دواخستووە و نەیانکردووە“.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە کە دەرنەکردنی بڕیاری دەست بەکار بوونی بەرپرسانی گۆڕان لە یەکە ئیدارییەکان، بەشێکە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا کۆنەبێتەوە.










باسنيوز
Top