سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات
لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان سڵاو و ڕێزی تایبەتیی قەداسەتی پاپای بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی کوردستانی كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و ئامانجەكانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە و رایگەیاند، هانی باشتركردنی دۆخی هەموو لایەك دەدات لە كوردستان و عێراق و داواشی كرد، بار و گوزەران و دۆخی ئاساییشی مووسڵ و ناوچەكانی نەینەوا باشتر بكرێت، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پابەندبوونی بەرانبەر قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی دۆخی پێكهاتەكان و دابینكردنی ئارامی و باشتركردنی بارودۆخی ژیان. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان ئەوەی خستەڕوو كە هانی هەردوولا دەدات كە گرفتەكانیان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكەن و لەمبارەیەوە گەشبینیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبارەی شەڕی تیرۆریشەوە سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی هەرێمی كوردستان لەو شەڕەدا و جەختیشی لەوە کردەوە كە پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت لەپێناو بنبڕكردنی فكری تیرۆر. ئەوەیشی خستەڕوو كە خۆی و وڵاتەكەی دوعا دەكەن بۆ خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی قەداسەتی پاپای كرد و وێڕای ئاماژەدان بە فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان، ئەوەی ڕاگەیاند كە لە كاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە خوشك و برا مەسیحییەكانی راگەیاندووە كە هەموومان چارەنووسی هاوبەشمان هەیە و لە مردن و ژیاندا بەیەكەوە دەبین.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە تاوانەکانی تیرۆریستان و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە پێویستە هەموو لایەكمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی خوشك و برا مەسیحییەكان بدەین كە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و هاندانیان بۆ جێهێشتنی وڵات بە بابەتێكی هەڵە وەسف كرد.
هەروەها داواشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی ژیان و گوزەرانی پێكهاتەكان و ئاوارەكان بێتە سەر هێڵ. سەرۆك بارزانی شانازیشی بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و رێزگرتنی بەرانبەر و یەكترقبووڵكردنی جیاوازیی نەتەوایەتی و ئاییینی لەناو خەڵكی كوردستان كرد و رایگەیاند كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا برای یەكترین و بە ئاكاری باش و مرۆڤسالارانە دەتوانین بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا بژیین.
لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە تیرۆر بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێ لە ئاییندەدا مەترسیی گەورەتر لە داعش سەر هەڵدەداتەوە.
پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەمیشە كوردستان لایەنگری زمانی دیالۆگ بووە و شەڕی نەویستووە و راشیگەیاند كە لە هەوڵی ئەوە دان كە كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئاماژەیشی بە كەسایەتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق دا كە كەسێكی كراوە و لایەنگری لێكتێگەییشتن و چارەسەری كێشەكانە و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق و حكوومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی بارودۆخ و ژیانی خەڵك دووپات كردەوە.
باسنيوز
