رێبوار تاڵەبانی: دەبێ سەرکردە باڵاکان وەک سەرۆک بارزانی چاودێریی دەستوور بکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-12-2108، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، لە شاری هەولێر پرێس کۆنفرانسێکی لەبارەی بڕیاری دادگای کەرکووک، ئەنجام دا.
رێبوار تاڵەبانی هەروەها رایگەیاند، کە بڕیارەکەی دادگای کەرکووک لە دژی ئەو، نایاساییە و سیاسییە و پێشتریش دوای دوو رۆژ لە خیانەتی گرووپی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی دوای خیانەتەکەی بە نایاسایی و نادەستووری وەسف کردووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت پەسنی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رایگەیاند، دەبێ سەرکردە سیاسییە باڵاکان وەک سەرۆک بارزانی چاودێریی جێبەجێکردنی دەستوور بکەن، بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.
رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، داوای لە سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمان و حکوومەتی عێراق کرد رێگریی لە دەستوەردانی سوپا و هێزی چەکداری لە پرۆسەی سیاسی بکەن، چونکە بەپێی ماددەی 9ـی دەستوور، نابێ سوپا دەستوەربداتە کێشە سیاسییەکان.
هەروەک رێبوار تاڵەبانی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای کەرکووک بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی تاڵەبانییەوە دەرکراوە و رایگەیاند، بڕیارەکە بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە سەربەخۆیی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دراوە، %86ـی خەڵکی کەرکووک لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە و ئاڵای کوردستانیش بەپێی دەستووری عێراق ئاڵای فەرمییە و بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش بەرز کراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو دان بەو بارودۆخەی ئێستای کەرکووکدا نانێ و ناگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر بگەڕێتەوە، ناڕاستەوخۆ دان بە شەرعییەتی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەردا دەنێت و ئەوەش هەرگیز روو نادات.
رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بە تەمیزکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای کەرکووک کرد و رایگەیاند، نامەی بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ناردووە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووکی لێ کردوون.
هەروەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت باسی کرد، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک، کە دوای خیانەتەکە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە وەک پارێزگار دیاری کرا، یاساکانی رژێمی بەعس لە دژی کورد لەو پارێزگایە جێبەجێ دەکات.
رۆژی چوارشەممە 26-12-2018، دادگای کەتنی کەرکووک سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەر رێبوار تاڵەبانیدا سەپاند.
دوای دەرکردنی ئەو بڕیارە لە دادگای کەرکووک، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە بڕیارەکەی دادگای کەرکووک سیاسییە و رایگەیاند، دادگای کەرکووک بەهۆی ئەوەی رێبوار تاڵەبانی”دژی پێشێلكردنی دهستوور و یاسا وهستاوهتهوه، وهك سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك بهرگری له بهرژهوهندییهكانی پێكهاتهكانی شاری كەركووك كردووه“، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.
باسنیوز
