شارەزایان: ٢٠١٩، ساڵی بوژانەوەی هەرێم دەبێ

شارەزایان: ٢٠١٩، ساڵی بوژانەوەی هەرێم دەبێ
ساڵی دابێ، لە تێڕوانینی كەسایەتییە سیاسییەكانەوە، هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و سیاسییەوە هەنگاوی باشتر دەنێت، سكرتێری حیزبێكی كوردستانیش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگێڕێتەوە، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیرییش دەڵێ، ساڵی دابێ، هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و وەبەرهێنان و بژێویی ژیانی هاووڵاتیانەوە، پێشكەوتن بە خۆیەوە دەبینێت.

لێكەوتەكانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر

دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق بە هاوكاریی هەندێ وڵاتی هەرێمی، گەمارۆیەكی زۆری ئیداری و دیپلۆماسییان خستە سەر هەرێم، بەڵام سەركردایەتیی سیاسیی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، توانییان لە رووی دیپلۆماسییەتی خۆیانەوە ئەو ئابڵووقەیە تێك بشكێنن و دەرگای وڵاتانی جیهان بۆ جارێكی دیكە بە رووی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا بكەنەوە.

غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وێڕای ئەو هەمووە گەمارۆیەی ساڵی رابردوو، كە لە رووی دیپلۆماسی و ئیداری و ئاسمانییەوە خرایە سەر هەرێمی كودستان، بەڵام لە ئێستادا ئەو ئابڵووقە و كێشانە نەماون، ئەویش بە هۆی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی تواندرا ئەو گەمارۆیانە تێك بشكێندرێن".

دكتۆر سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە لێكەوتەكانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدا بوو، بووە هۆی دروستكردنی سایكۆلۆژیایەكی خراپ، بەڵام بە هەوڵی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی و بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی، لێكەوتەكانی ئەو رووداوە وردە وردە نەهێڵدران، ئێستایش هەرێمی كوردستان جۆرێك لە سەقامگیری تێدا دروست بووە، دڵنیاییەكیشی لای هاووڵاتیان دروست كرد، گەرچی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم گرژی لە نێوانیشیاندا بێت، پەنا بۆ چەك نابرێت و شەڕی ناوخۆ ڕوو ناداتەوە".

ئێستا هەرێمی كوردستان بە رووی جیهاندا لە بەردەم كرانەوەیەكی نوێدایە، هەر بۆیە غەفوور مەخمووری جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو پردە رووخێندراوانەی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ بنیات نراونەتەوە و هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، نموونەیش بە سەردانیكردنی وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا و ئەڵمانیا و وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەولێر دێنێتەوە، كە نیشانەی بەهێزیی پێگەی هەرێمە لە ناوچەكەدا.

كابینەی نوێ، ئومێدی هاووڵاتیان

لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان پارتی و چەند لایەنێكدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لە ئارادایە، دكتۆر سالار پێی وایە بەو هەموو گرژیانەی لە نێو گفتوگۆكانیشدا هەن، ئومێدێكی گەورە بە كابینەی نوێ هەیە، هۆكاری ئەوەیش بۆ كاندیدكردنی مەسروور بارزانی دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی كاندیدێكی نوێیە، چونكە هەم پێگەكەی و هەمیش كەسایەتیی ناوبراو هۆكاری ئەو ئومێدەن.

سكرتێری گشتیی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان، گەشبینە بە بەهێزیی كابینەی داهاتوو، وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد، ئەویش بە هۆی كاندیدكردنی هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم و مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، وەك دوو كەسایەتیی بەهێز لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە.

غەفوور مەخمووری دەشڵێ: "هەر یەك لەو دوو بەڕێزە، دەتوانن گۆڕانكاریی خێرا ئەنجام بدەن، بەو پێیەی دوو كاراكتەری بەهێزی سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانن، بە دڵنیاییشەوە رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پشتیانەوە دەبێت، هێز و توانای خۆیشیان لە سەرۆك بارزانییەوە وەردەگرن، هاوكات ئەزموونی باشیشیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە".

ساڵی نوێ

غەفوور مەخمووری باوەڕیشی وایە، سەرەتای ساڵی نوێ دەسپێكی گۆڕانكاری نوێ دەبێت، هاوكات سەرەتای دەركەوتنی مژدەی خۆش دەبن بۆ گەلی كوردستان، ئەو بە ئومێدیشەوە دەڕوانێتە داهاتوو، وەكخۆی لە پێشتردا بۆ كاندیدكردنی دوو كەسایەتی بەهێزی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و كابینەی داهاتوودا دەیبینێتەوە.

مەخمووری، دروستكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێ و عەرەبییەكاندا، بۆ توانای هەریەكە لە سەرۆك بارزانی و مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەگێڕێتەوە، كە بە تواناكانی خۆیان ئەو پەیوەندییانەیان دروست كردووە، جەختیش لە گەشبینیی خۆی بۆ ساڵی دابێ كردەوە، كە ئەو بەربەستانەی ماویشن، نەهێڵدرێن.

بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، دەڵێ: "كاریزمایی سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستان، هاوكات ئەو پەیوەندییە باشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند و وڵاتانی چواردەور و جیهان، وا دەكات گەشبین بین بە ساڵی نوێ و ئەو وەرچەرخانانەی دێنە پێش بە سوودی گەلی كوردستان بن".

ئەو پێشی وایە ساڵی نوێ، ساڵی بووژانەوەی هەرێم لە رووی ئابووری و سیاسییەوە دەبێت، كە ئاماژەكانیشی لە ئێستاوە دەركەوتوون، بەوەی دواتر بە سوودی هاووڵاتیان دەبێت، چ لە رووی دەروونییەوە، چ لە رووی ئابوورییەوە، بەو پێیەی لە كاتی هەڵبژاردنی ناوخۆدا، پارتی بە درووشمی (كوردستانێكی بەهێز) بەشدار بوو، لە كابینەی دابێت و ساڵی نوێیشدا، بە جیددی كاری بۆ دەكات، هاووڵاتیانیش بەرهەمەكەی دەبینن.
kdp-
Top