دادگا لە بەرژەوەندیی جووتیارانی ھەرێم بڕیاری دا

 دادگا لە بەرژەوەندیی جووتیارانی ھەرێم بڕیاری دا
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، دادگای ڕەسافە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمدا بڕیاری دا بەوەی كە پارەی سێ ساڵی جووتیاران خەرج بكرێت و، حكوومەتی عێراقیش ناچار دەبێت پابەندی بڕیارەكە بێت.

ئەمڕۆ دادگای رەسافەی بەغدا، سكاڵای جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی لەسەر حكوومەتی عێراق لەبارەی خەرجنەكردنی پارەی جووتیارانی ھەرێم ھیی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی یەكلا كردەوە و تێیدا بڕیاری دا كە، پێویستە حكوومەتی عێراق لە ماوەی مانگێكدا پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان خەرج بكات.

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نەوزاد ئەدھەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "حكومەتی عێراق پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی ھەرێم قەرزدارە، كە بڕەكەی ٥٥٧ملیار دینارە و چەندین جاریش بە نووسراو داوای خەرجكردنیمان كردووە، بەڵام ئەوان باسیان لەوە دەكرد كە تەنیا نیوەی خەرج دەكەن، وەلێ ئێستا كە دادگا بڕیاری داوە، ئەوان ناتوانن جێبەجێی نەكەن و پێویستە پابەندی بن".

ئەدھەم گوتیشی، ئەمە بڕیارێكی زۆر دڵخۆشكەرە بۆ جووتیارانی ھەرێمی كوردستان، چونكە حكوومەتی عێراق پابەند دەبێت بەوەی كە تەواوی پارەی جووتیارانی ھەرێم خەرج بكات.
kdp-
Top