لیژنەی مافی مرۆڤ: بڕیاری دەستگیرکردنی رێبوار تاڵەبانی سیاسییه نەک یاسایی
جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرکووک بە پێی مادەی ٣٣١ی یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی گرتنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی دەرکردووە، کە بڕیارەکە سیاسییە، نەک یاسایی، چونکە ئەو پارەی کاتی خۆی وەریگرتووە و ئێستا پێی سزا دراوە بۆ حکوومەتی گەڕاندووەتەوە، بەڵام بڕیاری گرتنی بۆ ھەڵوێستەکانی دەگەڕێتەوە کە پشتگیریی لە ڕیفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرد و دژی داگیرکردنی کرکووک بوو، بۆیە دەیانەوێت تۆڵەی لێ بکەنەوە و لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن دەریبکەن."
جوان حەسەن گوتیشی: "خەڵک ھەیە بە ٥٠ملیار دینار پارەی خواردووە دەستگیر ناکرێت، بەڵام لەسەر ئەوەی پارەی وەکو سەرۆکی ئەنجومەن وەرگرتووە بۆ مووچە و دواتر دادگا پێی گوتووە ئەو کارە ناکرێت پارەکەی بۆ حکوومەت گەڕاندووەتەوە، ئێستا شۆڤێنییەکان ھاتوون تۆڵەی لێ بکەنەوە لەپای ئەو ھەڵوێستانەی ھەیبووە، ئەگەرنا کارێکی نایاساییی نەکردووە."
kdp-
