قەشە یەترون یۆنان: پێکەوەژیانی نێوان مەسیحی و موسڵمانان لە سۆران بەهێزە
قەشە یەترون یۆنان، سەرپەرشتیاری كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا و هاودیان، لە سنووری شاری سۆران، ڕايگەیاند، دۆخی پێكەوەژیانمان لەگەڵ موسڵمانان لە دەڤەری سۆران، خۆشی و ناخۆشییەكان بەیەكەوە بەڕێ دەكەین لە جەژن و پرسەی یەكتری بەشدار دەبین، ئەوەی جێگەی شانازیە هەر كەسە و سەرقاڵی ئایینی خۆمانین و تا ئێستا هیچ كێشە و گرفتێكی وا لە نێوانماندا ڕووی نەداوە، كە ببێتە جێگەی نیگەرانیی نێوانمان، راستە كێشە و كەموكۆڕیش لە هەموو كۆمەڵگەیەك دەبێت، بەڵام بەم شێوەیەكی گشتی پەیوەندیەكانمان زۆر باشە لەگەڵ خەڵكەكە".
سەرپەرشتیاری كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا و هاودیان، گوتیشی: "بۆ نموونە ئێمە دوێنێ سێشەممە 25/12/2018 رێوڕەسمی جەژنمان هەبوو، كەسایەتییە ئایینییەكان و بەرپرسانی سۆران، لەگەڵ ئێمە لە پێشوازیی میوانانەکاندا بوون، هەروەها هاووڵاتییان و چین و توێژەكانی دەڤەرەكە، پۆل پۆل بۆ پیرۆزبایی سەردانیان دەكردین، هیوادارین ئەم پێكەوەژیانەمان بەردەوام بێت".
مێژووی دروستبوونی شارەدێی دیانا، لە دەڤەری سۆران، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەك لەمەوبەر، لە ساڵەكانی 1926 مەسیحییەكان بۆ جاری دووەم ڕوویان لەو شارەدێیە كردووەتەوە و تا ئێستاش تێیدا نیشتەجێنە و پێكەوەژیان لەگەڵ برا موسڵمانەكان زۆر بەهێزە و تا ئێستا هیچ كێشە و گرفتێكی وا لە نێوانیاندا ڕووی نەداوە و زۆربەشیان لەگەڵ ماڵی موسڵمانەكان تەنها دیواریان بەینە.
باسنيوز
