لاهوور جەنگی زەمینە بۆ کودەتا سپیەکەی لەنێو یەکێتی خۆش دەکات

 لاهوور جەنگی زەمینە بۆ کودەتا سپیەکەی لەنێو یەکێتی خۆش دەکات
لاهوور جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانی، لە ڕێگەی لایەنگرانی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زەمینەسازی بۆ کودەتا سپیەکەی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر جومگەکانی حزبەکە دەکات و لایەنگرانیشی هەڕەشە لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی دەکەن.

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا میدیا و پێگەکانی سەر بە لاهوور جەنگی، نووسینێکیان بە ناوی (جڵەوی یەکێتی بدەنە دەست لاهوور) بڵاو کردەوە و بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ ڕوودانی کودەتایەکی سپی لەنێو یەکێتی کرد. کاروان عەلی شامار، یەکێک لە لایەنگرانی لاهوور جەنگی، وتارێکی بەناونیشانی (لێگەڕێن بۆ لاهوور شێخ جەنگی!) لە پەیجی خۆی و پێگەکانی سەر بە لاهوور جەنگی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕای گەیاندووە کە ئێستا ھیچ پارتێکی سیاسی، بارتەقایی یەکێتی لەمەڕ پێشھاتە سیاسییەکان بێ پلان و ستراتیژ نییە،‌ بەجۆرێک کە نە توانای بڕیاردانی ھەیە، نە دەشتوانێ لە ھاوکێشە و گەمە سیاسییەکان وەک سەردەمی مام جەلال براوە و سەرکەوتووانە لێی دەرچێت، بەڵکوو ”یەکێتی دووچاری کۆمەڵێک گرفت بووە، بەشێکیان رەھەندی مێژوووییان ھەیە و بەشێکی تریان بە مەرگی مام جەلال، مەوداکانی فراوانتر بووە“.

جەختیشی کردووەتەوە کە یەکێتی لە دوای مەرگی مام جەلال، نەیتوانیوە بچووکترین شانازی بخاتە سەر خەبات و سەروەرییەکانی،‌ بەڵکوو بووە بە پارتێکی پەڕگیر.

ئەو لایەنگرەی لاهوور جەنگی کە نووسینەکەی بەشێکە لەو زەمینەسازییەی کە لاهوور جەنگی بۆ دەستگرتن بەسەر جومگەکانی یەکێتی دەیکات، ئاشکرای کردووە کە ئێستا یەکێتی بە ڕوونی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. بەرەی یەکەمی بە بەرەیەکی بەرژەوەندیخواز وەسف کردووە کە گوایە ”لەبەرامبەر ھەڕاجکردنی خوێنی شەھیداندا، سەفەقاتی ژێربەژێری ملیۆن دۆلارییان لە نێواندا ھەیە و ھەرچی قووتی ھاونیشتیمانییانیش ھەیە، لە ژێرزەمینەکان حەشاریان داوە“.

بەرەی دووەمیش گوایە لاهوور جەنگی سەرۆکایەتی دەکات و هەوڵی بەهێزکردنەوەی یەکێتی دەدات.

هەر لەو نووسینەدا هێرش کراوەتە سەر باڵەکانی یەکێتی و جەخت کراوەتەوە کە ململانێکانی ئێستایان ئەگەر ”لەسەر ھەموو شت بێت، لەسەر فکر و ئایدۆلۆجیا نییە“.

لە دوایین پەرەگرافیشدا پێگەکانی سەر بە لاهوور جەنگی بە لایەنگرانی یەکێتییان ڕاگەیاندووە، دوا بژاردە لەبەردەم یەکێتییەکان ”هەوڵ و شەونخوونیی لاهوور جەنگییە، بۆ ئەوەی یەکێتی بخاتەوە سەر شاڕێگەی خۆی“. هەروەها هەڕەشە لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی کراوە و جەخت کراوەتەوە، لاهوور جەنگی ”پێویستی بە بەرەنگاری و تەحەدای گەورە ھەیە، بۆ ئەمەش پێویستی بە کرداری ئانی و مانۆر و جووڵە ھەیە، چەن ئەو جووڵانەش بۆ شکانی بتە گەورەکان خێراتر بێت، دۆخی یەکێتی و خەڵکیش باشتر دەبێت“.










باسنيوز
Top