ترەمپ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، پیرۆزبایی لەهەمووان ”تەنانەت میدیا درۆزنەکانیش“ کردووە بەبۆنەی سەری ساڵی زاینی.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، ئێستا ئەمریکا لە باشترین بارودۆخ دایە و سنوورەکانی خۆی پاراستووە، یاسای نوێی بۆ بازرگانی داڕشتووەتەوە و هێزەکانی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کشاندووەتەوە، ”ئێمە ئەمریکامان پێش هەموو شتێک خست“.
شەوی چوارشەممە 19/12/2018ش، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
