هێزەکانی تورکیا دەچنە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان

 هێزەکانی تورکیا دەچنە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان
تورکیا هێزی زیاتر دەباتە سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان و رۆژنامەیەکیش باس لەوە دەکات،، کە بەشێک لە هێزەکان چوونەتە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.



ئەمڕۆ چوارشەممە 26/12/2018، رۆژنامەی (حورییەت دەیلی نیوز)ی تورکی چەند وێنەیەکی ناردنی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان بڵاو کردووەتەوە.



ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێک لە هێزەکانی سوپای تورکیا لە سنووری پارێزگای کیلیس لە تورکیاەوە، چوونەتە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.



ناردنی ئەو هێزانەی تورکیا بۆ سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە چوونە ناو خاکی ئەو بەشەی کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ نەهێشتنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە).



هەڕەشەکانی ئەردۆغان دوای بڕیاری ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا، هاتن.



شەوی چوارشەممە 19/12/2018ش، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.



ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.



باسنيوز
Top