300 پڕۆژە لە ساڵی 2018ـدا كهوتوونهته بواری جێبهجێكردن و ٩٣ـیان تەواو بوونە
ساڵی ٢٠١٤، بە ھۆی ھاتنی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە، ڕەوشی ئابووریی كوردستان بەرەو خراپی ڕۆییشت، بە جۆرێك ھەموو پڕۆژەكان وەستان و چیتر كار لەو پڕۆژانە نەكرا، بەڵام بە ھەوڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان توانرا ئەو ئابڵووقە داراییە بشكێندرێ و دۆخی ئابووریی كوردستان بەرەو باشتر بچێت، لە ساڵی ٢٠١٨ـیشدا توانراوە ٣٠٠ پڕۆژە جێبەجێ بكرێن و پڕۆژەكانی تریش لە تەواوبووندان.
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، دەست بە كاركردن لە ٣٠٠ پڕۆژەدا كراوە و پارەیان بۆ خەرج كراوە، لەو ٣٠٠ پڕۆژەیەش ٩٣ـیان تەواو بوونە، بڕی تێچووی ئەو پڕۆژانەیش ٢٣ ملیار دینار بووە."
سەبارەت بە پڕۆژەكان لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان گوتی: "ھەوڵ دەدرێ لە ساڵی داھاتوودا ئەو ژمارەیە بەرز بكرێتەوە، پارەیەكی زیاتر تەرخان بكرێت بۆ پڕۆژەكان، لە دوو مانگی كۆتایی ٢٠١٨ـدا، ١٠٠ ملیۆن دۆلارمان بۆ بەڵێندەران خەرج كرد، لەو ١٠٠ ملیۆنەیش نزیكەی ٩٥ ملیۆن دۆلار سەرف كراوە بۆ ئەو قەرزانەی كە قەرزداریان بووین، بەمەیش بارگرانییەكی زۆر لەسەر حكوومەت كەم بووەوە".
فەتاح ڕاشیگەیاند: "چاوەڕوانی بەشەبودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەكەین لە پەرلەمانی عێراق پەسند بكرێت، تا بتوانین ئەو بەشەبودجەیەی كە بۆ ئێمە دیاری دەكرێت، لە پڕۆژەكاندا خەرجی بكەین، پڕۆژەكانیش ھەموو بوارەكانی ئاو، كارەبا، تەندروستی و پەروەردەیان تێدایە"
kdp-
