لە تەلەعفەر بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل ٢٠ کەس بوونە قوربانی

 لە تەلەعفەر بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل ٢٠ کەس بوونە قوربانی
بە ھۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە تەلەعفەر ٢٠ کەس بوونە قوربانی، کە وەک راگەیاندرا چەکدار و لایەنگری حەشدی شەعبین.

حەسەن خەلۆ، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە تەلەعفەر لە گەڕەکی ڕاس جادە، کە ناسراوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقیوەتەوە، کە گومان دەکرێت داعش ئەوکارەی کردبێت، بەو ھۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٢٠کەسی دیکەش بریندار بوونە، کە بەشێکیان برینیان گران بووە، لە ڕێگەی سێ ئەمبۆلانسەوە بەرەو مووسڵ گوازراونەتەوە."

حەسەن خەلۆ گوتی: "لەبەر ئەوەش دەزانین داعش ئەوکارەی کردووە، چونکە لە تەلەعفەر تەنیا شیعە و حەشد و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لێیە، بۆیەش قوربانیانی تەقینەوەکە حەشد و لایەنگرانی ئەوان بوونە."

خەلۆ باسی لەوەش کرد: "داعش لە سنووری مووسڵ جموجووڵی زۆرە، بەتایبەت لە زنجیرەچیای بادۆش، پێش دوو ڕۆژ کەمینێکیان بۆ ھێزەکانی عێراق دانا و چەند کەسێکیان لێ کوشتن و بریندار کردن و دواتر فڕۆکە جەنگییەکان لێیان دان و چەکدارانی داعشیان کوشت."

خەلۆ گوتیشی: "ئەم تەقینەوەیە ھۆشدارییە بۆ ھێزە عێراقییەکان کە تەقینەوەکان لە سنووری پارێزگا مووسڵ لە لایەن داعش دەست پێ دەکەنەوە، چونکە زۆر شانەی نوستوویان لە ناوچەکەدا ھەیە."
kdp-
Top