بە پێی یاسا کورد مافی ھەیە بەشدار بێت لە دادگای تێھەڵچوونەوەی عێراق

	 بە پێی یاسا کورد مافی ھەیە بەشدار بێت لە دادگای تێھەڵچوونەوەی عێراق
بە پێی یاسا لە دەسەڵاتی کۆتلەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نییە ئەندامانی دادگای باڵای تێھەڵچوونەوەی عێراق دیاری بکەن و پسپۆڕێکی یاساش ئاشکرای کرد، پرسی دادگاش بەسیاسی کراوە و پێویستە ھەرێمی کوردستانیش ئەندامی ھەبێت لە دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکردنی ئەندامانی دادگای باڵای (تەمیز) تێھەڵچوونەوەی عێراقی خستە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بە ھۆی نەبوونی ھیچ دادوەرێکی کورد لە نێو لیستی دادوەرە کاندیدکراوەکاندا فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد. دکتۆر عەبدولڕەحمان حاجی زێباری، پسپۆڕی یاسا و دەستووری عێراق ئاشکرای کرد: "بە پێی یاسا دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق مافی ئەوەی ھەیە ئەندامانی دادگای باڵای پێداچوونەوە دیاری بکات، نەک کۆتلەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە ئێستا بابەتەکە بەسیاسی کراوە و سیاسییەکان ئەندامانی دادگا دیاری دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، بەداخەوە سیاسییەکان دەست لە ھەموو پرسەکان وەردەدەن."

لەبارەی ئەوەی بە پێی یاسا پێویستە ئەندامانی دادگای باڵای پێداچوونەوەی یەکگرتوو لە یەک نەتەوە و پێکھاتە بن، ئەو پسپۆڕە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "یاسا ئاماژەی بەو بابەتە نەکردووە، کە ئەندامانی دادگای باڵای پێداچوونەوەی فیدڕاڵی ھەموویان عەرەب، یان کورد و پێکھاتەیەکی دیاریکراو بن، بە پێی یاسا دادوەر دادوەرە بەبێ جیاوازی، بەڵام لێرەدا ڕاستییەک ھەیە، ھەرێمی کوردستان داوای فیدڕاڵی کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی تایبەت بە خۆی ھەیە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کوردستان و سەرۆکی دادگای باڵای پێداچوونەوەی ھەریەکە لە پارێزگای کەرکووک و نەینەواش ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقن."

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەڵێنی ئەوەی داوە ناوی ژمارەیەک دادوەری کورد بخرێتە نێو لیستی دادوەرە کاندیدەکان. دکتۆر عەبدولڕەحمان حاجی زێباری ڕوونی کردەوە: "پێویستە ھەرێمی کوردستان لەو ڕێگەیەوە بتوانێت دادوەرانی خۆی پێبگەیەنێت و کاندید بکات بۆ ئەندامیەتیی دادگای باڵای پێداچوونەوەی عێراق، چونکە مادام ھەرێمی کوردستان تێیدا ئەندامە، مافی ئەوەیشی ھەیە کاندیدی خۆی ھەبێت بۆ ئەو دادگایە."
kdp-
Top