پێكهاتەكان سەرفرازن بەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە
شەم هاروون، كریستیانێكی دیانایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەوەی گرنگە ئەو پێكەوەژیانەی كە ئێستا لە كوردستان هەیە بەردەوام بێت و درێژەی پێ بدرێت، كە ئێمە وەكو كریستیانەكان پێی سەرفرازین. سەرۆك بارزانی بەردەوام پشتگیریی كریستیانەكان دەكات، ئەگەر لەبەر ئەو نەبێت ئەو پێكەوەژیانەی كە ئێستا لە كوردستان هەیە نامێنێت و وەكو بەشەكانی دیكەی عێراق كریستیانەكان ئاوارە دەبن."
هورمز كانون، كریستیانێكی دیكەیە لە هەودیان دەژیت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "جەژنی ئەمساڵ زۆر خۆشە و هیوادارین هەموو ساڵێك جەژنەكانمان هەر وا بە خۆشی بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەی جەژنی كریستیانەكانە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لەو كەسانەی كە سەردانی ئێمەیان كردووە برا موسڵمانەكان بوونە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانە و هەموومان وەكو برا لە خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكدیدا بەشدارین."
سەرگیز یاقو، كە لە دەشتی نەینەواوە ئاوارەی دیانا بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كریستیانەكان بوونەتە دوو بەش، هەندێكیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و هەندێكی دیكەیان لەژێر دەستی حەشدی شەعبیدا ماونەتەوە، خۆزگە هەموو شوێنێك وەكو كوردستان بوایە، چونكە لێرە كریستیانەكان بە ئازادانە جەژنەكانی خۆیان دەكەن و لە خۆشیدا دەژین، ئەوەش هەموو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە حزب و لایەنەكان وەكو سەرۆك بارزانی، پشتگیری لە ئێمە بكەن و وەكو هاووڵاتیی پلە یەك مامەڵە لەگەڵ مەسیحییەكان بكرێت، نەك وەكو هاووڵاتیی پلە دوو."
یاقو، دەشڵێ: "عێراق پشتی لە كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا كردووە و هەرێمی كوردستان لەخۆی گرتوونە، حكوومەتی هەرێم، خەڵكی كوردستان، یارمەتیی كریستیانەكانیان داوە، چ پێش هاتنی داعش، چ دوای داعش، كە لە ساڵی 2003 بە دواوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كریستیان ڕوویان لە كوردستان كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەغدا بەردەوام دەرگای لەسەر ئێمە داخستووە."
یەترون هورمز، كریستیانێكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "سەرۆك بارزانی، حكوومەتی هەرێم نەك تەنیا پشتگیرییان لە كریستیانەكان كردووە، بەڵكو پارێزگارییان لە مافی هەموو پێكهاتەكان كردووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە هەموو پێكهاتەكان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و بە ماڵی خۆیانی بزانن، بۆیە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، كە تا ئێستاش لە هەندێك ناوچەی عێراق توندوتیژی بەرامبەر بە پێكهاتەكان دەكرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی حەشدی شەعبی لێنە و، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ڕێژەیەكی زۆری كریستیانەكان چوونەتە دەرەوەی وڵات، ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبووایە و باوەشی بۆ كریستیانەكان و پێكهاتەكانی دیكە نەكردبایەوە، ئەوانیش هەموو دەچوونە دەرەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان بووەتە چەترێك بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان".
kdp-
