ئەنجومەن و ئیدارەی شنگال داوا دەکەن بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان
قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "داوا لە ھاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بێنە سەر خەت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شنگال جینۆساید نەکرێتەوە، چونکە جینۆسایدی شنگال ھاوشێوەی ھێرشی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ بەردەوامە، بەڵام بە شێوازی جیاجیا و چیی تر لە لایەن لایەنە ساسییەکانەوە کڕین و فرۆشتن بە شنگال نەکرێت، چونکە زۆرێک لەوانە شەرعی نین و بازرگانی بە خەڵکی شنگالەوە دەکەن و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن، کاتێک ڕێگا کرایەوە، دڵخۆش بووین و ھیوامان بۆ گەڕایەوە، بەڵام ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، بێھیوامان دەکەن و خەڵکیش چیی تر ناتوانن لە ناو چادرەکاندا بژین و ژیانی خەڵکی شنگال زۆر سەختە."
مەحما خەلیل گوتیشی: "داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین وەکو چۆن لە ھەموو خەڵکی عێراق بووەتە خاوەن، کارێکیش بۆ ڕزگارکردنی شنگالییەکان بکات، ئەوانەی لە ناو چادرن و ئەوانەی گەڕاونەتەوە، چونکە دۆخیان خراپە و ئەگەر وا بڕوات ئەوانەی گەڕاویشنەتەوە، ئاوارە دەبنەوە، بۆیە حکوومەتی عێراق و ئیدارەی نێوخۆی مووسڵ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ ئەرکی دەستووری و یاساییی خۆیان جێبەجێ بکەن و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و بگەرێینەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە بە پێی مێژوو ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەرنا خەڵکی شنگال داوا دەکات ڕزگار بکرێن و چیی تر جینۆساید نەکرێن و ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە سەر هەرێمی کوردستان."
گوتیشی: "مادام حکوومەتی عێراق ھیچمان بۆ ناکات، داوا لە حکوومەتی ھەرێم و سەرۆک بارزانی دەکەین، ئێمە ڕزگار بکرێین و بگەڕێینەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان."
وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگالیش، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "تەنیا کردنەوەی ڕێگا بەس نییە بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە و پێویستە ڕێگا ئەمنییەتی ھەبێت و ھێزی ھاوبەش دروست بکرێن و ھێزە ناشەرعییەکانیش دەربکرێن، ئەگەر وا نەکرێت، بەو شێوەیە خەڵک ناگەڕێنەوە، ئەگەر ھێزی ھاوبەش نەچێتە شنگال ٢٠%ی خەڵکیش ناگەڕێنەوە، بۆیە داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین باشترین بژاردە ئەوەیە بگەڕێینەوە سەر هەرێمی کوردستان."
kdp-
