شەش سەرکردەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکار کێشایەوە

 شەش سەرکردەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکار کێشایەوە
ژمارەیەک بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکار کێشایەوە و هۆکارەکەشیان ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیاندراوێکدا ٦ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە دوای دان بەخۆداگرتنێکی درێژخایەن و گرتنەبەری ھەموو ڕێگایەک بۆ ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە و کۆتاییھێنان بە قۆرخکاری و دەسەڵاتی تاکڕەوی و بەھەدەردانی وزەو توانای کادیران و ئەندامانیان، لەپێناوی لەدەستنەدانی زیاتری پێگەی سیاسی و جەماوەریی بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ئەوەی چەندین جار ڕێگاچارەیان خستووەتە بەردەم کەسی یەکەم و شورای ناوەندیی حزبەکە.

هاوکات کەسی یەکەمی بزووتنەوەیان بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی تاکڕەوی و قۆرخکاری تۆمەتبار کردووە کە گوایە بەو هۆیەوە هەوڵەکانیان سەری نەگرتووە، بۆیە لە ١ی ١١ی ٢٠١٨ پرۆژەیەکی چاکسازییان بە ڕابەری گشتی و مەکتەبی سیاسیی حزبەکە داوە کە گرنگترین خاڵەکانی بریتی بوون لە:


1-کۆتاییھێنان بە تاکڕەوی و قۆرخکاری لەبڕیار و بەڕێوەبردنی حزبدا.

2-ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داھات و دارایی و چۆنیەتی خەرجی و سپاردنەوەی بە مەکتەبی دارایی.

3-کۆتاییھێنان بەناڕوونی لەسیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

4-کۆتاییھێنان بە کاری بێ سەروبەری و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی باسک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.


لەو بەیاننامەیەدا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە بەهۆی بێ ئاکامیی هەوڵەکانیان، ٦ ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەیان داوە کە ئەوانیش:


کامیل مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

محەمەد ئەمین ئاشووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

موحسین محەمەد ئەمین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

سەرباز خۆشناو، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

ئارام کەمال، ئەندامی سەرکردایەتی

عەبدولغەفوور چەمچەماڵی، ئەندامی سەرکردایەتی












باسنيوز
Top