لە سلێمانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ گرد بوونەوە

 لە سلێمانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ گرد بوونەوە
تۆڕی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سەرکۆنەکردنی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و داوادەکەن کە ئەو کەیسە و ھاوشێوەکانی بەشێوازێکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێنەوە و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 25/12/2018، لە سلێمانی تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ھاوکاریی ژمارەیەک چالاکوانانی ژنان لە دژی ڕووداوەکەی چەمچەماڵ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و بۆ ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوە تراژیدیایە، ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند: "بەداخەوە نادادی و سەروەرنەبوونی یاسا بوونەتە ھۆی زیادبوونی ڕووداوە دڵتەزێنەکان و ھۆکارێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجدی بەدەم ئەم پرسەوە نەیەن، کۆمەڵگە پڕ دەبێت لە پشێوی و بەرەو لێواری ڕووخان دەچێت".

ڕوونیشیان کردەوە، ئەوان بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکەن، کە بووە ھۆی کوشتنی دایکێک و سێ جگەرگۆشەکەی، ھەروەھا داواکارن کە سەروەریی یاسا بپارێزرێت و ئەو کەیسە و ھاوشێوەکانی بەشێوازێکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێنەوە و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە: "پێویستە پەڕلەمانی کوردستان و حکوومەت بەجدی بێنە سەر خەت بۆ باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان و دوورخستنەوەی دەستی حزب و شەخس لە دادگا و دامودەزگاکان، داواکارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری سنوورێک بۆ ئەو کەناڵ و سایتانە دابنێت، کە بوونەتە ھۆکاری تێکدانی دابونەریتە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردی".

کاتژمێر 8 و 30 خولەکی شەوی 16/12/2018، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا سێ منداڵ گیانیان لەدەست دا و دایکەکەشیان بریندار بوو، بەڵام بەھۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، ڕۆژی دووشەممە 23/12/2018 گیانی لەدەست دا.

دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەکە، ھاوسەری ئەو ئافرەتە بەوە تۆمەتبار کرا، کە خۆی ھاوسەر و منداڵەکانی سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە یەکلا نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.












باسنيوز
Top