بەڕێوەبەرێکی دیکەی کورد لە کەرکووک لە پۆستەی لادرا
حەربی خالید، سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپیی كەركووك، ئەمڕۆ سێشەممە 25/12/2018 ڕاگەیاند: "لادانی (ناسیح شوانی) لە پۆستەكەی وەك بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی كەركووك لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەبكردنەوەی كەركووكە و پاشان كەسێكی عەرەب لە شوێنەكەی دانراوە و هیچ هۆكارێك نییە بۆ لادانی ئەو بەڕێوەبەرە كوردە لە پۆستەكەی كە لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەكی زۆر باش كارەكانی خۆی ئەنجام داوە".
گوتیشی: "راپۆرتێكی هەڵە لەسەر بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی كەركووك گەیەندراوەتە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و وەزیریش ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لەلایەن راكان جبووری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووكەوە ئەو راپۆرتەی بۆ نێردراوە، گوایە زۆربەی بەڕێوەبەری بەشەكانی ناو بەرێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی كەركووك كورد بن، لە كاتێكدا لە كۆی 18 بەشی ناو ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا بەرپرسی دوو بەشیان كوردن، ئەوانی دیكە سەرجەمیان عەرەب و توركمانن".
سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپیی كركووك، ڕاشی گەیاند، هاوكات لە كۆی 350 فەرمانبەری وەرزش و لاوانی كەركووك تەنیا 40 كەسیان كوردن، واتە لەوەشدا غەدر لە كورد كراوە.
لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو ساڵی رابردوو، میلیشاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە جگە لەوەی دۆخی پارێزگاكە نالەبارە، پرۆسەی بە عەرەبكردنەوەی كەركووك و لادانی بەرپرسانی كورد لە پۆستەكانیان بەردەوامە.
باسنیوز
