پارتی و گۆڕان لەبارەی چاكسازی لە لیستی مووچە گفتوگۆیان كردووە

پارتی و گۆڕان لەبارەی چاكسازی لە لیستی مووچە گفتوگۆیان كردووە
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت، خانەنشینی پلە باڵاکان لە ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە بووە. پەرلەمانتارێكی پارتیش ئاشکرای دەکات، دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کە تایبەتە بە بڕینی خانەنشینی پەرلەمانتاران، ئەگەر ھەر پاساوێكی بدۆزرێتەوە ھەموو ھەوڵێك بدرێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.

تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی و ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکان، بەشێکی گفتوگۆی لایەنەکانە، بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و گۆڕانیش، ئەو بابەتە بەشێوەیەکی فراوان، قسەی لەسەر کراوە، کە پێویستە یەکەم کاری فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بێت.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ شاندی پارتی بۆ پێكھێنانی حكوومەت جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە چاكسازی لە لیستی مووچە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرن مووچەكانیان ببڕدرێت، ھەروەھا دادپەروەری لە سیستمی مووچە بچەسپێت، بەشێكی ئەمەیە كە مووچەی خانەنشینی ببەسترێتەوە بە تەمەن و خزمەتەوە وەك ئەوەی لە عێراق ھەیە، بۆیە لەم خولەی پەرلەماندا ئەگەر ئەو یاسایە عێراقیش جێبەجێ نەكرێت، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایە كە پێویستە دەریدەكەین".

دادگای فیدراڵی عێراق، خانەنشینی پلە باڵا و پەرلەمانتارانی ھەڵوەشاندەوە، لە ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی عێراق، بەبێ رەچاوکردنی تەمەن و خزمەتی کارکردن، کۆتای بە خانەنشنی پلەباڵاکان دەھێندرێت، چونکە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق، کوردستانیش دەگرێتەوە، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیش دەڵێن، ھەر کاتێك دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستیپێکرد، پێش بڕیاری دادگا لە پەرلەمان، پشتگیری لەو یاسایە دەكەن.







K24
Top