ڕێكخراوی ھاوشێوەی ئۆپێك دابمەزرێت، ھەرێمی کوردستان لە سوودمەندەكان دەبێت
مانگی رابردوو، قەتەر ئەندامی رێكخراوی ئۆپێك، خۆی لە رێكخراوەكە كێشایەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاشكرایان كرد، پلانیان ھەیە لەبری نەوت، كار بۆ زیادكردنی رێژەی غای سرووشتی بكەن.
دكتۆر بێوار خسنی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "شەڕێك لە ناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت لە بواری غازی سرووشتیدا، ژمارەیەك وڵاتی جیھان لەوانە ئێران و جەزائیر و ڕووسیا و قەتەر، كە گەورەترین وڵاتی جیھانن لە یەدەگی غازی سرووشتیدا، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی رێكخراوێكی تایبەت بە ھەناردەكردنی غازی سرووشتین ھاوشێوەی رێكخراوی ئۆپێك، بەڵام ئۆپێك تایبەتە بە نەوت و ئەوەی دیكە تایبەت دەبێت بە غازی سرووشتی، ھێشتا دیار نییە ناوی رێكخراوەكە چی دەبێت، بەڵام ھەوڵەكان دەستیان پێ كردووە و بەردەوامن بۆ دروستكردنی رێكخراوەكە".
رێكخراوی وڵاتانی ناردنی نەوت ناسراو بە ئۆپێك، لە ساڵی ١٩٦٠ لە عێراق دامەزراوە و سەرەتا سەرەتا تەنیا ژمارەیەك وڵاتی كەنداوی عەرەبی تێیدا ئەندام بوون و دواتر ژمارەی وڵاتانی ئەندام زیاد كرا، ئێستا سیانزدە وڵاتی بەرھەمھێنەری نەوت، ئەندامی رێكخراوی ئۆپێكن و رێكخراوەكانی ئۆپێك ٤٣%ی نەوتی جیھان پێك دێنن و لە ئێستادا ٨١%ی نەوتی یەدەگی جیھانیان لە بەردەستە و دەتوانن كۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوت بكەن.
بەگویەتی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان بۆ وزە، ئەو وڵاتانە دەیانەوێ بازاڕی جیھان بۆ غازی سرووشتی پەیدا بكەن و ھەر كاتێك لە شوێنێك ئاڵۆزی لەبواری نەوتدا پەیدا بوو، بە غازی سرووشتی پڕ بكرێتەوە، عێراق وڵاتی دەیەمە لە یەدەگی غازی سرووشتی و رۆڵی دەبێت لە رێكخراوەكە و بازاڕی جیھانی بۆ غازی سرووشتی.
هەرێمی کوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سرووشتی هەیە، کە بریتییە لە 3%ی تێکڕای یەدەگی جیهان. ئەمەش رۆڵێکی گرینگ دەدات بە پێگەی کوردستان لە بازاڕە هەرێمییەکانی غازدا.
لە ساڵی 2003ەوە، بڕێکی زۆر لە دۆزینەوەکانی غاز ئەنجام دراوە و توانای بەرهەمهێنانی غازیش سەلمێنراوە. لە کاتێکدا چالاکییەکانی بەدواداگەڕان لە چڕ بوونەوەدان.
دكتۆر نەوزاد عەزیز، مامۆستای زانكۆ، پێی وایە، دامەزراندنی رێكخراوێكی ھاوشێوەی ئۆپێك بۆ غازی سرووشتی، كاریگەریی زۆری لەسەر ھەرێمی كوردستان دەبێت، "دەتوانم بڵێم ھەرێم یەكێك لە وڵاتە سوودمەندەكان دەبێت، بەڵام جارێ دیار نییە كەی دادەمەزرێت".
لەگەڵ هەبوونی 200 ترلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) لە گازی سروشتیی زانراو کە هاوسنووری تەوەری وزەی ئۆراسیایە، هەرێمی کوردستان کەوتوەتە سەر چوارڕێیانی وزەوە.
"هەر کاتێک پێویستیی ناوخۆ لە کارەبا و پرۆسەکانی پیشەسازی هاتنە دی، ئەو غازەی دەمێنێتەوە رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە بۆ بازاڕ لە رێگەی هێڵی بۆری و تۆڕی گواستنەوەی گشتگیرەوە." وەزارەتی سامانەسروشتییەکان وا دەڵێ.
دكتۆر بێوار لەسەر ئەو باوەڕەیە کە "ئەگەر ناوچەكە سەقامگیریی بە خۆیەوە ببینێ، بێگومان ھەرێمی كوردستان رۆڵی دەبێت لە ھەناردەكردنی غازی سرووشتیدا، چونكە ھەوڵەكانی ھەرێمی كوردستان چڕ بوونەتەوە تا وەبەرھێنان لە غازی سرووشتیدا زیاد بكات، پلانیش ھەیە بە ھاوكاریی كۆمپانیا بیانییەكان رێژەی غازی سرووشتیی ھەرێمی كوردستان زیاد بكرێت".
دكتۆر نەوزاد عەزیز کە پسپۆڕی ئابوورییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی "بڕیارە ساڵی دابێ ھەرێمی كوردستان بەرھەمی غازی سرووشتی رەوانەی بازاڕی دەرەوە بكات و لە ئێستادا كڕیاری بۆ پەیدا بووە، چونكە وڵاتێكی وەك توركیای دراوسێ، ئامادەیە غازی سرووشتیی ھەرێمی كوردستان بكڕێت، لەبەر ئەوەی توركیا غازی سرووشتی لە ڕووسیا بە نرخێكی گرانتر دەكڕێت".
kdp-
