مەسرور بارزانی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح پیرۆز دەكات
لە پەیامەكەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە "بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەین و ھیوای جەژنێکی پڕ لە بەختەوەری و کامەرانیان بۆ دەخوازین".
مەسرور بارزانی كە پەیامەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبووك" بەهەردوو شێوەزاری سۆرانی و كورمانجی لەگەڵ زمانەكانی توركی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە "کوردستان چۆن هەمیشە ناوەندی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایینی و نەتەوەییە، بەردەوامیش بێ جیاکاری پەناگە و مالێکی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی بەهۆی زوڵم و زۆردارییەوە پەنایان بۆی هێناوە".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی پەیامەكەیدا رایگەیاندووە "لەم بۆنەیەدا هیوادارین ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە بەرقەرار بێت بۆ ئەوەی زەمینەی پێشکەوتن و ئاوەدانی بڕەخسێت و کۆتایی بەو نەهامەتیانە بێت، کە ساڵانێکە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووەتەوە".
باسنيوز
