مەسرور بارزانی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح پیرۆز دەكات

 مەسرور بارزانی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح پیرۆز دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بڵاوكردەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە مەسیحیەكانی كوردستان و جیهان كرد.

لە پەیامەكەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە "بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەین و ھیوای جەژنێکی پڕ لە بەختەوەری و کامەرانیان بۆ دەخوازین".

مەسرور بارزانی كە پەیامەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبووك" بەهەردوو شێوەزاری سۆرانی و كورمانجی لەگەڵ زمانەكانی توركی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە "کوردستان چۆن هەمیشە ناوەندی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایینی و نەتەوەییە، بەردەوامیش بێ جیاکاری پەناگە و مالێکی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی بەهۆی زوڵم و زۆردارییەوە پەنایان بۆی هێناوە".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە كۆتایی پەیامەكەیدا رایگەیاندووە "لەم بۆنەیەدا هیوادارین ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکە بەرقەرار بێت بۆ ئەوەی زەمینەی پێشکەوتن و ئاوەدانی بڕەخسێت و کۆتایی بەو نەهامەتیانە بێت، کە ساڵانێکە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووەتەوە".









باسنيوز
Top