داوای پۆستەکەی بەرهەم ساڵح دەکرێت و سکاڵایەک دەگەیەندرێتە دادگای ئیتیحادی
بەپێی راگەیەندراوێکی دادگای بالای فیدڕالیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤/١٢/٢٠١٨، دادگاکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەدحەت مەحموود و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەران، دانیشتنێکی لەسەر سکاڵای ھاووڵاتییەکە ئەنجام داوە.
ئەو ھاووڵاتییە، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، سکاڵای لە دژی ھەڵبژاردنی بەرھەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق تۆمار کردبوو و داوای کردبوو ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، کە سەرۆک کۆماری ھەڵبژارد، ھەڵبوەشێندرێتەوە.
ھاووڵاتییەکە پێی وایە ئەو مافی بوون بە سەرۆک کۆماری عێراقی ھەیە و پێویستە دادگا چاو بە داواکارییەکەی ئەو بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار بخشێنێتەوە یان ھەموو شایستە داراییەکانی سەرۆک کۆماری بۆ ماوەی چوار ساڵ، پێ بدرێت.
ئیاس سامۆک، گوتەبێژی دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرای کردووە، بەھۆی نەبوونی ھیچ بەڵگەیەکی دەستووری بۆ پاڵپشتیکردنی داواکە، بڕیاری داوە سکاڵای ئەو ھاووڵاتییە رەت بکاتەوە.
باسنيوز
