كەماڵ كەركووكی: پارتی لایەنێکی بەھێزە لە پرۆسەی سیاسیدا، نەک هەر تەنیا لەسەر ئاستی کەرکووک، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقدا
عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئێستا چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان لایەنەکانی کەرکووک ساز دراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێک لەسەر بارودۆخی ئێستای کەرکووک و ھەروەھا یەکێتی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیش کۆبوونەوەیان ساز داوە و ئەوان لە ھەموو کۆبوونەوەکانیان شکستیان ھێناوە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک، چونکە تورکمان و عەرەبەکان نایانەوێت پارێزگارێک دابنێن لەم بارودۆخەی ئێستای شارەکە، بەڵکوو ”دەیانەوێت پارێزگارێک ھەبێت چاپۆشی لە بەرژەوەندییەکانیان بکات".
عەدنان کەرکووکی ئاماژەشی بەوە کرد کە ”ئێستا روونە، پارتی لایەنێکی بەھێزە لە پرۆسەی سیاسیدا، نەک هەر تەنیا لەسەر ئاستی کەرکووک، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقدا، بۆیە ھیچ شتێک لە کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکان بەبێ پارتی ھیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت، بۆیە ئەم کۆبوونەوەشیان وەکوو کۆبوونەوەکانی دیکەیانە، تەنیا بۆ راگەیاندنیانە و بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەیانە کە ئەمڕۆ لە کەرکووک ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە و پێشتر یەکێتی دەسەڵاتی تەواویان ھەبوو، بەڵام بە خیانەتی گرووپێکی ناو حزبەکەیان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کەرکووکیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد".
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک کەوتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا و هێزەکانی عێراق، دواتر سەرکردە باڵاکانی یەکێتی لە نێویشیاندا کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان ئەنجام داوە و شارەکەیان ڕادەست کردووە، بۆیە ئێستا بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسراون.
باسنیوز
