بەشێكی پڕۆژە ڕاگیراوەكانی پارێزگای دھۆك وەگەڕ دەخرێنەوە

بەشێكی پڕۆژە ڕاگیراوەكانی پارێزگای دھۆك وەگەڕ دەخرێنەوە
بەرپرسێكی پارێزگای دھۆك، ھەوڵەكانی حكوومەتی خۆجێی دھۆك بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی پارێزگاكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بەشێك لەو ٣٠٠ پڕۆژانەی بە ھۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون، كاركردن تێیاندا دەستی پێ كردووەتەوە.

بەگەڕخستنەوە یان كاركردن تێیاندا، ئەو پڕۆژانە دەگرێتەوە كە پێشتر كاریان تێدا كراوە و دەبێ تەواو بكرێن، بە تایبەتی ئەو قوتابخانانەی سێ دەوامیان تێدا دەكرێت، باڵاخانەی نوێیان بۆ دروست بكرێت و كۆتایی بە رەوشی سێدەوامی بهێندرێت.

عوسمان یوونس، جێگری پارێزگاری دھۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "بەر لە ھاتنی قەیرانی دارایی، كاركردن لە ٣٠٠ پڕۆژەی پارێزگای دھۆك دەستی پێكردبوو، بەڵام وەك ھەموو لایەك دەزانن بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكان راگیرابوون، لە ئێستایشدا ھەوڵێكی زۆر ھەیە پڕۆژەكانی پێشوو تەواو بكرێن لە سنووری دھۆك و، كاركردن لە بەشێكی پڕۆژەكانیشدا دەستی پێ كردووەتەوە و ئەوانەیشی ماون ھەوڵ ھەیە لەوانیشدا دەست بە كاركردن بكرێت".

یوونس روونی كردەوە، ئەگەر بەڵێندەران ئومێدێكیان ھەبێت بەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی ماویانە لە داھاتوودا بۆیان خەرج دەكرێت، ئەوا ئامادەن دەست بە پڕۆژەكانیان بكەنەوە، چونكە تەنیا بەڵێندەرانی پارێزگای دھۆك نزیكەی ١٥٠ ملیۆن دۆلاریان لای حكوومەت ماوە، ئەوەش پارەیەكی زۆر نییە ئەگەر ھێدی ھێدی بۆیان خەرج بكرێت.

لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرھێنانیشەوە، عوسمان یوونس دەڵێت، ئەو پڕۆژانەی تایبەتن بە كەرتی نیشتەجێبوون، ئەوانە كاریان تێدا دەكرێت و بەردەوامن بۆ تەواوبوون، بەڵام پڕۆژەكانی دیكەی وەبەرھێنان لە كەرتەكانی دی، ھێشتیا دەستیان پێ نەكردووە و چاوەڕێی پارەن.
kdp-
Top