کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، شرۆڤەکارانی کردووە بە دوو بەشەوە

	 کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، شرۆڤەکارانی کردووە بە دوو بەشەوە
سه‌رۆكی ئه‌مەریكا رایگه‌یاند كه‌ وڵاتەکەی سه‌ربازه‌كانی له‌ سوریا ده‌كێشێته‌وه‌، راوێژكارێكی حیزبی كۆمارییه‌كانیش ده‌ڵێ، له‌ ماوه‌ی چەند رۆژێکدا ته‌واوی سه‌ربازان و راوێژكارانی ئەو وڵاتە له‌ كوردستانی رۆژئاوا ده‌كشێنه‌وه، ئەو بڕیاره‌ش به‌ هه‌ڵه‌ ناو ده‌بات‌.

زه‌رده‌شت تۆفیق به‌گ راوێژكاری حیزبی كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا، تایبه‌ت بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ كوردستانی رۆژئاوا پەیوەندی به‌ سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌مەریكا و سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌وە هەیە، هاوکات پەیوه‌ندییە ته‌له‌فۆنییەکەی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا و سه‌رۆكی توركیایشەوه‌ هه‌یه‌".



هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانیش ده‌وه‌ستن
راوێژکارەکەی کۆمارییەکان نایشارێتەوە، کە له‌ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ كوردستانی رۆژئاوا وها بڕیارێک نەدراوە‌ كه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ چەکدارانی كورد له‌و پارچه‌ی كوردستان به‌رده‌وام بێت، بەڵکو له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی دواسه‌ربازی ئه‌مەریكا، ته‌واوی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانیش ده‌وه‌ستن.

ئه‌مەریكا دوو هه‌زار سه‌رباز و‌ 500 راوێژكاری دیپلۆماسی لە سووریادا هه‌یه،‌ كه‌ له‌ بوارە جیاجیاکاندا كار ده‌كه‌ن، ئەرکی ئه‌وانیش هاوكاریی لۆجیستی و مه‌شق بووه‌ به‌ هێزه‌ كوردییه‌كان.

ناوبراو وه‌ك راوێژكاری حیزبەکەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا، ئاشکرای دەکات، کە مه‌ترسیی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاتەکەی له‌ رۆژئاوای كوردستان گەیاندووەتە ‌كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئه‌مەریكا و به‌رپرسانی حیزبی كۆمارییه‌كان، بەوپێیەی كه‌ داعش به ‌هێزێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچەکە‌، هەربۆیەشە ‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان، بە هەڵە ناو دەبات.

زەردەشت تۆفیق بەگ روونی دەکاتەوە، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا راسته‌وخۆ داگیرسانی گڵۆپی سه‌وزی وڵاتەکەیەتی‌ بۆ توركیا، کە بریاری هێرشی سه‌ربازی بۆ ناوچه ‌كوردییه‌كان داوە، بارودۆخی کوردیش لە رۆژئاوا، بە رۆژی تاریک و نادیاری چارەنووسیان ناوزەد دەکات.



كوردی رۆژئاوا له‌ پەیوه‌ندیی دیپلۆماسی شكستی هێناوه‌

بە بڕوای راوێژکارەکەی کۆمارییەکان، هۆکاری ئەو نادیارییەی چارەنووسی کوردانی ئەو پارچەیە یەکسانە بە خراپیی پەیوه‌ندیی دیپلۆماسیی به‌رپرسانی باڵای رۆژئاوای كوردستان، کە نه‌یانتوانیوه‌ پەیوه‌ندیی دیپلۆماسیی گه‌وره‌یان هه‌بێت،‌ تا لە رۆژێكی وەهادا بتوانن كاریگه‌رییان لەسه‌ر بڕیاره‌كانی ئه‌مەریكا هەبێت، دەشڵێ: "كوردی رۆژئاوا له‌ پەیوه‌ندیی دیپلۆماسی شكستی هێناوه‌".

"له‌ ئێستادا ده‌رگای ئه‌مەریكا نه‌ك بەسەر كورددا، بەڵكو ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌شی كه‌ له‌ ستراتیژی ئه‌مەریكادان، داخراوه،‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ زه‌حمه‌تێكی دیكه‌ی‌ به‌رپرسانی رۆژئاوا، کە بیانه‌وێت له‌ دەرگای ئه‌مەریكا بدەن و داوای مانه‌وی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا بکەن"، زەردەشت وایگوت.

بەڵام هەرچی سامی رێکانی شرۆڤەکاری سیاسییە، بڕیارەکەی ترامپ بەو شێوە نابینێت کە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئەو باوەڕی وایە، بەوپێیەی ترامپ بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی لە سووریا دەرکردووە، دەیەوێت بە شێوەیەکی دیکە بەردەوامی بە کارەکانی لە سووریا بدات، بەو واتایەی ئەو شرۆڤەکارە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، بە مانای کۆتاییی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە نازانێت و دەڵێ: "ئەمەریکا دەیەوێ لەو وڵاتە شەڕ بە ھاوپەیمانەکانی بکات و خۆی خەرجی نەکات و زیانی ماددی و گیانی بۆ وڵاتەکەی نەبێت، ترامپ دەیەوێت عەرەب و وڵاتانی دیکەی ھاوپەیمانی، پارە بۆ سووریا خەرج بکەن و ئەمەریکا تەنیا سەرپەرشتییان بکات".



ئێران و رووسیا رێگە نادەن گۆڕەپانەکە بۆ تورکیا بێت

رێکانی وەبیر دێنێتەوە، کە ترامپ پێشتر بە روونی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئامادە نییە بە پارە و سوپای وڵاتەکەی شەڕ بۆ دۆستەکانی بکات، بە پێچەوانەوە بە ھەموو ھاوپەیمانەکانی راگەیاندووە، "پارە و سوپای خۆتان بێنن منیش لەگەڵ ئێوەم."

سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، رێکانی ئەوە بە دوور دەزانێت وەها شتێک بە ناوی ھێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا روو بدات، چونکە کشانەوەی ئەمەریکا زیان بە پلانی تورکیا دەگەیەنێت، روونتر دەڵێ: "ئەمەریکا نایەوێت ئەزموونی عێراق دووبارە بکاتەوە، بە دڵی شکاوەوە بگەڕێتەوە و سەربازەکانی بکاتە قوربانی، ئەگەر ئەمەریکا لە سوریادا نەمێنێت، ئێران و رووسیا رێگە نادەن گۆڕەپانەکە بۆ تورکیا بێت، ئەوان بە شێوەیەک ئامادەن سووریا بخەنە دەست تورکیا، کە ئەمەریکا لەوێ بێت، بە پێچەوانەوە، کشانەوەی ئەمەریکا دەبێتە ئەوەی رووسیا و ئێران زیاتر پلانی خۆیان جێبەجێ بکەن".
kdp-
Top