ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین باس لە مەترسیێکی گەورە دەکات

ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین باس لە مەترسیێکی گەورە دەکات
ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین دەڵێ، ئاوارەبوونی كوردانی خانەقین و دەوروبەری لە ترسی ھەڕەشەكان بەردەوامە و، ئەگەر ئیدارەی شارۆچكەكە ڕێگا بدات، لە ماوەیەكی كەمدا خانەقین و دەوروبەری چۆڵ دەكرێن.

رەفعەت موراد ئاغا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ھەر جارێك كردەیەكی تیرۆریستی بە ناوی داعشەوە ئەنجام دەدرێت، ژمارەیەك خێزانی كورد ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن و ئاوارەی سنووری ھەولێر و سلێمانی دەبن، ئەو كردانەیش بە ناوی داعشەوە ئەنجام دەدرێن، ئەگەرنا لە ڕاستیدا ئەو عەرەبانەن كە كاتێك داعش ھات و دەستیان لەگەڵ تێكەڵ كردن و دواتریش بوونە حەشدی شەعبی، بۆیە خەریكە گوندە كوردییەكانی دەوروبەری خانەقین چۆڵ دەبن.

موراد ئاغا کە ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچکەی خانەقینە گوتیشی، بە ھۆی داواكاریی زۆرەوە، ئێستا ئیدارەی شارۆچكەی خانەقین گواستنەوەی خێزانە كوردییەكانی بۆ سنووری ھەولێر و سلێمانی راگرتووە و، ئەگەر رێگە بدات لە ماوەیەكی كەمدا خانەقین و دەوروبەری چۆڵ دەبن، چونكە سەرەڕای رێگریكردنیش، خەڵك هەر ئاوارە دەبێت.

دەشڵێ: "بڕیارە سەبارەت بە دۆخی كەركووك و خانەقین و ناوچە كوردستانییەكان، شاندێكی ھەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی دابێ سەردانی بەغدا بكات، بۆیە ئومێدەوارین بتوانن ئەو كێشانە چارە بكەن".
kdp-
Top