حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بە ناوی (عێراق \هەرێمی كوردستان: دوو جار سزادان بۆ ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە)، بڵاو كردەوە و تێیدا باس لەوە دەكات، كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ دووبارە ئەو كەسانە دەستگیر دەكاتەوە كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە داعشەوە دەستگیر كرابوون و ئازاد كراون، ئەمەیش بە هۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لادا.
لەم بارەیەوە، دكتۆر دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، روون و ئاشكران و گوتی: "بە شێوەیەكی گشتی دوای دەستگیركردنی كەسانی گومانلێكراو یان داواكراو، كەسوكاریان لە دەستگیركردن و تۆمەتەكان ئاگادار دەكرێنەوە و هەر كەسێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بە تۆمەتی تیرۆر، دوای ئەوەی بە بەڵگەوە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و ددان دەنێت بە پەیوەندیكردنی بە داعشەوە، ئینجا دەستگیر دەكرێت، واتە لە دەستگیركردن تەنیا پشت بە ددانپێدانانی گومانلێكراوان نابەسترێت، هەروەها دوای دەستگیركردنیان كەسوكاریان ئاگادار دەكرێنەوە لە شوێنی دەستگیركردنیان و مافی هەبوونی پارێزەر و سكاڵاتۆماركردنیشیان هەیە لە دادگا دژی هێزە ئەمنییەكان".
دیندار زێباری، تیشكی خستی سەر پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە كەیسی گیراوانی داعش و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ پڕۆسەیەكیان دەست پێكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەو دەستگیركراوانە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاریی زۆری كردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەم دەستگیركراوانە و تا ئێستا بەپێی بەرنامەیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی، بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە (١٤٠٠) دەستگیركراوی داعش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی كراون، كە زوربەیان خەڵكی ناوچەكانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و حەویجە بوون و لە ژێر لێكۆڵینەوەدا بوون، واتە سزایان بۆ دەرنەچووبوو لەلایەن دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە. لە لایەكی دیكەوە جگە لەو هەماهەنگییەی هەیە سەبارەت بە پرسی دەستگیر كراوان، لەسەر ئاستی دادگاكان لە سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوە لیژنەیەكی باڵای هاوبەش پێك هاتووە لە سێ سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە لە نێوان بەغدا و هەولێر بە مەبەستی ئاڵۆگۆڕی زانیاری لە كاتی پێویستدا".
لە بارەی ئەو دەستگیركراوانەی كە لە هەرێم سزایان بۆ دەردەچێت یان بە بڕیاری دادگا ئازاد دەكرێن، زێباری گوتی: "هەر كەسێك بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كرابێت و حوكم درابن ئەوا تۆمەت و سزاكەی دەخرێتە نێو پەڕاوەكەی و لە كاتی پێویستدا دەتوانرێت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەست بكەوێت، دوای ئازادكردنیان و بەسەربردنی ماوەی سزاكەی لە هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی بۆ ناوچەكەی خۆی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دووچاری دەستگیركردن نەبێتەوە، دەتوانێت وێنەیەكی حوكمی دادگاكەی پێ بێت. بەڵام ئەوانەی تر كە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و حوكمیان دەرنەچووە و ئازاد كراون، دەتوانن لە رێگای فەرمانگە و لایەنە فەرمییەكانەوە داوای بەڵگەنامەی دەستگیركردنیان بكەن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە ئاسانكاریی زۆریشیان بۆ دەكات، چونكە لە هەرێمی كوردستان پرۆسەی لێكۆڵینەوەكان و راگرتنی تۆمەتباران پرسەیەكی شەفافە و لە ژێر چاودێریی دەزگا فەرمییەكاندایە. بۆ نموونە كەسێك كە فەرمانبەر بێت لە مووسڵ یان هەر شارێكی دیكە و پێشتر لە هەرێم بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كرابێت و دواتر ئازاد كرابێت، دەتوانێت بە شێوەی فەرمی لە رێگای فەرمانگەكەی خۆیەوە داوای بەڵگەنامەكان بكات، چونكە حكوومەت مامەڵە لەگەڵ شوێنی فەرمی دەكات.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەو خزمەتگوزارییە تەندروستی و دەروونییانە كرد كە پێشكەش بە گیراوان دەكرێن و گوتی: "بەندكراوەكان لە كاتی پێویستدا رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن و ئەو راگیراوانەیش كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لەلایەن بەشەكانی گرتن و گواستنەوە ڕەچاوی باری تەندروستییان كراوە و بۆیان هەیە خواردنی تایبەت بۆ خۆیان دروست بكەن. ئەم جۆرە بەندكراوانە بەردەوام لەلایەن پزیشكەكانی بنكەكانی تەندروستی لە بەشەكانی گرتن و گواستنەوە چاودێریی باری تەندروستییان دەكرێت".
گوتیشی:"خزمەتگوزارییە پزیشكییە سەرەتاییەكان وەك (پێداویستیی چارەسەركردن و دەرمان و ئامبۆڵانس و پزیشكی تایبەت) دابین كراون، لە ھەر كاتێكیشدا راگیراوان پێویستییان بە نەشتەرگەری ھەبێ یاخود تووشی بارودۆخێكی تەندروستیی سەخت ببن، ئەوا رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن".
kdp-
